رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێشتا گیرۆدەی "کێشەی حیزبایەتی و نەبوونی بودجەیە".
پشکنەری گشتیی ئەمریکا راپۆرتی وەرزیی خۆی بۆ چارەکی دووەمی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە کە باسی کار و چالاکیی هێز و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و ناوچەکە دەکات.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆی 11 لیوای پیادە کە دەبوو لەژێر فەرمانڕەوایی دوو فەرماندەیی ناوچەییدا دابمەزرێنرێن، تەنیا سێ لیوا بە تەواوی دامەزرێنراون و کارا کراون، سێی دیکەش لە قۆناخی سەرەتایی کارکردندان.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە ئامانج لێی یەکخستنەوەی هێزەکانە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و دوورخستنەوەیانە لە هەژموونی حیزب.
راپۆرتی پشکنەری گشتی دەڵێت: "بە گوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، 138 هەزار کەس بێت. تاوەکو کۆتایی ئایار، وەزارەتی پێشمەرگە 72 هەزار پێشمەرگەی لەژێر دەسەڵاتدا بوو، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان و لەژێر فەرمانڕەوایی یەکە حیزبییەکانی حەفتا و هەشتادان."
وەزارەتی پێشمەرگە پێشبینی دەکات، تاوەکو ئەیلوولی ساڵی 2026، ئامانجەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی بەدەستبهێنێت.
پشکنەری گشتیی ئەمریکا دەڵێت: "حیزبایەتیی لەنێو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا ماوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ دروستکردنی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی ناوچەیی بەردەوامن."
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "وێڕای هەوڵەکانی چاکسازی و دامەزراندنی هێزی سەربازیی ناحیزبی لە ژێر فەرماندەییەکی یەکخراودا، لیواکان هێشتا فەرماندەی حیزبییان هەیە و لەو ناوچەیەدا کاردەکەن کە سەر بە حیزبەکانن."
تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە، بە گوێرەی راپۆرتەکە:
- لیواکانی 1 تا 4ی پێشمەرگە توانای بنەڕەتییان هەیە بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن.
- پێشمەرگە هێشتا لە رووی هەواڵگری و لۆجستییەوە پشت بە هاوکاریی هاوپەیمانان دەبەستێت.
- کێشەی بودجە و نەبوونی بودجەیەکی کارپێکردنی راستەقینە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەربەستێکی گەورەیە.
- لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە "ناکۆکی لەسەرەکان" کاردەکەن.
- لیوای هاوبەشی یەکەم سیستمی پەیوەندیی رادیۆی هاریسی بۆ دابین کراوە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە راهێنانی بەردەوامە.
پشکنەری گشتیی ئەمریکا پێگەیەکی هاوبەشی نێوان پشکنەرەکانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (یوئێس ئەیدە)، هەر سێ مانگ جارێک راپۆرت بە کۆنگرێسی ئەمریکا دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ