رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتیمانییەک لە گوندێکی سەر بە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
رووداوەکە رۆژی چوارشەممە، 30ی تەمموزی 2025 لە گوندی (حەوت کانی) سەر بە شاری ئیلام روویداوە، کاتێک هێزەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی کەسێک بە ناوی موحسین زەمانی دەچنە سەر ماڵی ئەو هاونیشتمانییە.
بنەماڵەی موحسین زەمانی داوای هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی کوڕەکەیان رەتدەکەنەوە و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دواتر هێزەکانی پۆلیس تەقە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پۆلیسدا، موحسین زەمانی بریندار بووە و توانیویەتی لەگەڵ برایەکی دیکەی بەناوی پەیمان لە دەست هێزە ئەمنییەکان هەڵبێن، بەڵام عەلیخان زەمانی، برایەکی دیکەیان گوللـەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
عەلیخان زەمانی، تەمەن 46 ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
دوای رووداوی تەقەکردنەکە و کوژرانی عەلیخان زەمانی، خەڵکی گوندی حەوت کانی لە بەردەم ماڵی ئەو هاونیشتمانییە کۆدەبنەوە و لە بەرامبەر هەڵسوکەتی تووندی هێزەکانی پۆلیس ناڕەزایەتی دەردەبرن و ناچاریان دەکەن گوندەکە جێبهێڵێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ