سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هاوپەیمانان: داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە

31-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جەنەراڵ کیڤن لامبێرد، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون کە داعش هێشتا "مەترسییەکی راستەقینەیە" و جەختیان لە بەردەوامیی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 31-07-2025، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری پێشمەرگە و کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا ئامادەی بوون، دواپێشهاتە ئەمنییەکان و جموجووڵەکانی داعش تاوتوێ کراون.
 
لەبارەی هەڕەشەکانی داعشەوە، هەردوولا رایانگەیاندووە، "پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاریکاری و هەماهەنگی بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەیان" و بۆ ئەو مەبەستەش مانەوە و بەردەوامیی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان بە "پێویست" زانیوە.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوو، کە بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە و سوپاسالار بەڕێوەچوو.
 
لەبارەی دۆخی سووریا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هاوپەیمانان جەختیان کردەوە کە پێویستە "کورد و پێکهاتەکانی دیکە هاوبەشێکی کارای ئێستا و داهاتووی وڵاتەکەیان بن."
 
دوا پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە