هۆزە کوردییەکانی وان: کۆتایی بە دیاریی کیلۆ زێڕ و ملیۆنان دۆلار بۆ ئاهەنگەکان دەهێنین

31-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هۆزە کوردەکانی شارۆچکەی ئەلباک لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بڕیاریان دا، کۆتایی بە رکابەریی دیاریی پارە و زێڕ بۆ بووک و زاوا بهێنن.
 
بڵاوبوونەوەی دیمەنی کەڵەکەکردنی دیاریی پارە و زێڕ بۆ بووک و زاوا لە ئاهەنگەکانی بووکگواستنەوەی هۆزەکانی باکووری کوردستان، لەکاتێکدا وڵاتەکە بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بووە هۆکارێک بۆ سنووردارکردنی دیاریی ئاهەنگەکان.
 
رۆژی چوارشەممە 30-8-2023 سەرۆک و نوێنەری هۆزەکانی ئەرتوشی، بۆتان، مەرزیکان و چەند هۆزێکی دیکە لە شارۆچکەی ئەلباک بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا؛ بۆ لەمەودوا لە شارۆچکەی ئەلباک و گوندەکانی دەوروبەریدا لە ئاهەنگەکانی بووکگواستنەوە نامەی دیاری بە داخراوی و بێ راگەیاندن پێشکێش دەکرێت. بە جۆرێک نابێت هیچ کەس بزانێت کێ بڕی چەندی پێشکێش بە بووک و زاوا کردووە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لە ئاهەنگەکاندا پارە و زێڕی دیاری لەسەر مێزێک کۆدەکرایەوە و کەسێک ناوی خزمەکانی دەخوێندنەوە و ئەو بڕەی رادەگەیاند کە پێشکێشی کردووە. ئەمە وایدەکرد خزمان لێیان ببێتە رکابەری لەسەر پێشکێشکردنی زۆرترین بڕەپارە و زێڕ. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاردرا ئارایشتگە و جلی بووکێنیی مۆدێرن کۆتایی پێبێت و ئەوانەش کە پابەندی بڕیار نابن، لەلایەن هۆزەکانەوە بڕیار دەدرێت کە خزمان بەشداری لە ئاهەنگەکانیاندا نەکەن. 
 
جلی بووک هاوشێوەی نەریتی باووباپیران دەبێت کە بە تەواوی کوردەوارییە. هاوکات بڕیاردرا زۆربەی نەریتەکانی ئاهەنگی بووکگواستنەوە بگەڕێندرێتەوە سەر نەریتی باپیران. هەروەها خەرجییە زۆرەکانیش کەمبکرێنەوە. 
 
سەرۆک هۆزەکان گۆڕانکارییان لە نەریتی پرسەشدا کرد. ئەمە لەکاتێکدایە پرسە لە زۆربەی شارۆچکە و گوندەکانی باکووری کوردستاندا سێ رۆژ بەڕێوەدەچوو. لەو ماوەیەدا خاوەن پرسە باری خزمەتکردنی خەڵکێکی زۆری دەکەوتە سەر شان. سەرۆک هۆزەکان بڕیاریاندا ماوەی پرسە لە سێ رۆژەوە بکرێتە دوو رۆژ. 
 
پێشتر لە ئاهەنگەکانی بووکگواستنەوەی هۆزە کوردییەکانی باکووری کوردستاندا، دیاریی پارە و زێڕ بۆ بووک و زاوا لە میدیاکانی تورکیاشدا دەبووە رۆژەڤ. رۆژی 8-5-2023 لە ئاهەنگێکی هۆزی ژیرکی لە پارێزگای جۆلەمێرگ، 15 کیلۆ زێڕ و بڕی 5 ملیۆن و 300 هەزار لیرەی تورکی (کە دەکاتە 200 هەزار دۆلار) کرایە دیاری بۆ بووک و زاوا.
 
هەروەها رۆژی 25-6-2023 لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەی هۆزی ئەرتوش لە پارێزگای وان، 4 کیلۆ زێڕ و 6 ملیۆن لیرەی تورکی (کە دەکاتە نزیکەی 224 هەزار دۆلار) دیاریی بەشداربووان بوو بۆ بووک و زاوا. لەو ئاهەنگەدا بەشداربووان ماوەی 5 کاژێر زێڕەکانیان پێشکێشی بووک کرد. هەر لەو ئاهەنگەدا 100 ئاژەڵی بچووک سەربڕدران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە