رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سێ جووتیاری کورد لە دادگەی دوبز دادگەیی بکرێن، یەکێکیان ئەو جووتیارەیە شوباتی ئەم ساڵ سەربازێکی سوپای عێراق خەریکبوو بە ملپێچەکەی بیخنکێنێت.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سکاڵای دژی من لەلایەن فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانەوە تۆمار کراوە، ئەویش لەسەر رووداوەکانی 17ی شوباتی ئەم ساڵ."
لە 17ی شوباتی ئەم ساڵ، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، محەممەد ئەمین، جووتیاری کورد لەسەر تراکتۆرەکەی سەربازێکی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایکێشا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هاوسۆزی بۆ جووتیارە کوردەکە دروستبوو.
محەممەد ئەمین دەڵێت، "سەربازەکان بە پەلاماردان ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەم رامکێشنە خوارەوە، ئێستاش دەیانەوێت لە رێگەی دادگەوە سزام بدەن."
سکاڵای دووەم کە هەر ئەمڕۆ لە دادگەی دوبز دادبینیی بۆ دەکرێت لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بە ناوی ساڵح مشوت، دژی جووتیاری کورد دەشتی خەلیل تۆمارکراوە لە گوندی پەلکانە.
نوێنەری جووتیارانی کورد کە ئەمڕۆ خۆی دەچێتە دادگە لەبارەی سکاڵای سێیەمیشەوە گوتی، "لەلایەن عەرەبێکی هاوردەوە بەناوی ئەحمەد وەسمی لەسەر جووتیارێک بەناوی سامان رەزا تۆمار کراوە."
لەسەر هەمان سکاڵا محەممەدئەمین چەند جارێکی دیکە دراوەتە دادگە و دادگەییەکەی دواخراوە.
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە، جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک رووبەڕووی چەندین گوشاری هێزە عێراقییەکان و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە و بۆ جێهێشتنی زەوی کشتوکاڵی و ماڵ و موڵکی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ