رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی 6 لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، ئەم مانگە نزیکەی 10 هەزار خانەنشین مووچەی 6 مانگ وەردەگرن.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو خانەنشینانە لە مانگی 12ـی پارەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە".
ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون، کە ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەس بوو، پێشتر بەشێکیان لە مانگە جیاوازەکاندا مووچەکانیان وەرگرتبوو.
سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "لە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشیشدا هێشتا نزیکەی 7 هەزار خانەنشین دەمێنن کە لە مانگی 12ـی پارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، چونکە بۆ مانگی شەش مووچەیان بۆ نەبەستراوە و دەکەوێتە مانگەکانی داهاتووەوە".
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە؛ کە 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ