پارێزگاری هەولێر: لیژنەیەک لە بەغداوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هەڵبژاردن سەردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات

31-08-2025
پەیمان محەممەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ سێیەم جار وێستگەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاقیکرانەوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سبەی لیژنەیەک لە بەغداوە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، سەردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-08-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لیژنەی ئەمنیی پارێزگا کۆبووەتەوە و هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکە کراوە''.
 
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، گۆڕانکاری بەسەر ئامێرەکانی دەنگداندا هاتووە و کێشەکانیان چارەسەر کراون.
 
لە هەڵبژاردنی پێشوودا هەزاران کەس تەنیا لەبەر نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان بێبەش بوون دەنگدان. ئومێد خۆشناو دەڵێت: "بەهۆی ئەو گۆرانکارییانەی بەسەر ئامێرەکاندا هاتوون، بەربەستەکان نەماون و پڕۆسەکە خێراتر بەڕێوەدەچێت.''
 
''لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانی مەخموور دەکات''
 
لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، ئەگەری دروستبوونی گرفت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنووری مادەی 140 زیاترە. پارێزگاری هەولێر گوتی، ''بێگومان بۆ ئەزموون وەرگرتن لە رابردوو و بە مەبەستی چارەسەربوونی ئەو گرفتانەی کە پێشتر هەبوون، سبەی لیژنەیەک لە بەغداوە دێت و بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی ئەو سنوورانە (ناوچە کێشە لەسەرەکان) دەکات، بەتایبەتی مەخموور لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هەموو ناحیەکانییەوە.''
 
مەخموور دەکەوێتە سنووری مادەی 140 و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە. ئومێد خۆشناو گوتی، ''لیژنەکە لەکاتی سەردانیکردنی، دیاری دەکات کە بە چ شێوەیەک سنوورەکە لە بواری ئەمنییەوە بپارێزرێت و پڕۆسەی هەڵبژاردن بەباشی بەڕێوەبچێت.''
 
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئومێد خۆشناو گوتی: ''لە ئێستاوە تاوەکو رۆژی دەنگدان و یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئاسایشی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە هاووڵاتی و بەربژێرانیشەوە، لەسەر حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانە، بۆ ئەمەش هەموو ئامادەکارییەک کراوە.''
 
''چوارەم تاقیکردنەوەش بەڕێوەدەچێت''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ جاری سێیەم ئامێرەکانی دەنگدان تاقیکرانەوە. مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کێشەی ئامێرەکان چارەسەر کراون و ئەو دەنگدەرانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەبێت، دەتوانن لە رێگەی وێنەی رووخساریانەوە دەنگ بدەن.
 
مەروان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق هیچ گرفتێکی نەبووە و زۆر بە باشی بەڕێوەچووە. گوتیشی: ''ئەمە تاقیکردنەوەی سێیەمە و تاقیکردنەوەی چوارەمیش دەکرێت، بەڵام تەنیا بۆ کامێراکان.''
 
بەگوتەی سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن، ملیۆنێک و 410 هەزار دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر هەن، 'بەڵام لە کۆی ئەو ژمارەیە، ملیۆنێک و 99 هەزار دەنگدەر بایۆمەترییان کردووە و مافی دەنگدانیان دەبێت.
 
تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە و کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە