رووداو- هەولێر
پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، هەر کاتێک بڕیاری دابەشکردنی مووچەدرا، پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری ئەوانەی لە پرۆژەکەدا تۆمارکراون.
بەگوێرەی پڕۆژەی (هەژماری من)، 465 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دەتوانن لە رێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەی مانگی 6 وەربگرن.
بەرپرسانی پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، هەر کاتێک بڕیاری دابەشکردنی مووچە درا، ئیدی پارە لە ئامێرەکانی بانکەکانی هاوبەشی پڕۆژەکە بۆ دابەشکردن بەردەست دەبێ.
ئەو کەسانەی لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن دوای ئەوەی لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار کرانەوە کە مووچە خراوەتە سەر هەژمارەکەیان.
لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە و 540 هەزاریان کارتی بانکییان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ دوو سەرچاوەی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، حکومەتی عێراق 616 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەک مووچەی مانگی شەش و چاوەڕێن 300 ملیاری دیکە بنێرێ.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ