رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە پڕۆژەیەک بۆ رێنماییکردنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە مەبەستی پڕکردنەوەی ''تەندروست''ـی فۆرمی زانکۆلاین رادەگەیێنێت. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، ''ئامانج لێی، هەڵبژاردنی ئەو زانکۆیەیە لەلایەن قوتابییان کە لەگەڵ توانا و لێهاتوویی خۆیان بگونجێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-08-2025، بارزان نەزهەت حالی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگاکە لەکاتی راگەیاندنی پڕۆژەی ''زانکۆی دڵخوازم'' لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند، ''هەموومان دەزانین قوتابیانی پۆلی 12 لە قۆناخێکی گرنگی ژیانیاندان کە ئەویش ئامادەکاریی چوون بۆ زانکۆ و دەستپێکردنی خوێندنی باڵایە.''
ئەو پڕۆژەیە بۆ هاوکاریکردنی قوتابیان لە پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاینە کە تێیدا دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی زانکۆ و کۆلێژی دڵخوازیان هەڵدەبژێرن. بازران نەزهەت ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویستە قوتابییان ئامادەییەکی باش و بەرنامەیەکی روونیان بۆ داهاتوو هەبێت، بۆیە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی پەروەردەیی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگای روانگە، بۆ پڕکردنەوەی گونجاوی فۆرمی زانکۆلاین ئەم پڕۆژەیە رادەگەیێنین.''
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، پڕۆژەکە لە سەرجەم نووسینگەکانی دەزگاکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت کە ''ئامانج لێی، گەیاندنی قوتابییان بە زانکۆی دڵخوازیان و دوورخستنەوەیانە لە پڕکردنەوەی هەڵەی فۆرمی زانکۆلاین.''
هاوکات عیسا بەشارەدین، بەڕێوەبەری روانگە-خوێندن کە سەرپەرشتیی پڕۆژەی 'زانکۆی دڵخوازم' دەکات، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، هەر کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان زانکۆلاینی کارا کرد، پڕۆژەکەی ئەوانیش دەستپێدەکات.
عیسا بەشارەدین ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم خزمەتگوزارییەکە بۆ قوتابییان بێبەرامبەر دەبێت و ''بەگوێرەی ئەو ئامانجەی کە دامانناوە، دەکرێت بڵێم زیاتر لە 15 هەزار قوتابی لە رێگەی دەزگای روانگەوە بە شێوەیەکی تەندروست، رێنوێنیی نێو زانکۆکان دەکرێن.''
پڕۆژەکە لەژێر رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و دەزگای روانگە زیاتر لە 100 راهێنەر و رێنماییکاری دەروونی بە مەبەستی هەڵبژاردنی زانکۆی دڵخوازیان، بۆ قوتابییان دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ