رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێت، دوای 15ـی ئەیلوول، 388 هەزار کارتی بایۆمەتری ئامادە دەبن. دەشڵێت، سێ ملیۆن و 96 هەزار کەس بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بایۆمەترییان کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-08-2025، بۆ سێیەمجار وێستگەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاقیکرانەوە. نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاند، تاقیکردنەوەکە بەبێ گرفت و زۆر بە باشی بەڕێوەچووە.
نەبەرد عومەر گوتی، ''جیا لە تاقیکردنەوەی وێستگەکان، وۆرکشۆپێک بۆ نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە تێیدا سەبارەت بە شێوەی دروستی دەنگدان بەرچاوڕوونی درا، بۆ ئەوەی بتوانن دەنگدەرانی خۆیان بە باشی هۆشیار بکەنەوە.''
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بە گوتەی سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 882 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن. لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و 96 هەزار کەس بایۆمەترییان کردووە، کە نزیکەی 160 هەزاریان بۆ جاری یەکەمە ناویان تۆمار دەکرێت و بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
هێشتا سەرجەم دەنگدەران کارتی بایۆمەتریی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''لەدوای 15ـی ئەیلوولەوە، نزیکەی 388 هەزار کارتی بایۆمەتری دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.''
نەبەرد عومەر داوا لە دەنگدەران دەکات، 'ئەوانەی لە 25ـی ئادارەوە بۆ 22ـی حوزەیران بایۆمەترییان کردووە، با [لەدوای 15ـی ئەیلوول] سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە و کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ