سبەی دوایین رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراکە

31-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی دوایین رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکە و هەرکەس خۆی تۆمار نەکات بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە نەدراوە.
 
لە 2ی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 01ی ئاب دوایین رۆژ بێت، بەڵام جارێک درێژکرایەوە بۆ 25ی ئاب و دوایین جاریش بۆ 01ی ئەیلوول.
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی سبەی 1ی ئەیلوول، ئەپەکە کراوە دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن."
 
25ی ئاب وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "وادەی داخستنی ئەپلیکەیشنی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی فۆرمی خۆراک درێژکرایەوە بۆ دووشەممە 01-09-2025، بۆ ئەوەی دەرفەتی تەواو بە هاووڵاتییان بدرێ بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان و مسۆگەرکردنی ئەوەی هەموو کەسانی شایستە لە سیستمی فۆرمی خۆراکدا تۆمار بکرێن."
 
ئاراس محەممەد گوتی، هەرکەس تاوەکو 01ی ئەلوول فۆرم پڕنەکاتەوە، لە قۆناخەکانی دواتردا دەتوانێت بە پێدانی رسوومات پڕی بکاتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 85%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان پڕکردووەتەوە.
 
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، لەدوای 01ی ئەیلوولەوە "بەشەخۆراکی ئەو فۆرمانە دەبڕدرێت کە زانیارییەکانیان نوێ نەکراونەتەوە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ 85%ی هاونیشتمانیان لە سلێمانی، زیاتر لە 85%ی هاونیشتمانیانی هەولێر، زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی دهۆک و 90% دانیشتووانی هەڵەبجە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆماردەکەیت.
 
تاوەکو ئەمڕۆ خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک زیادنەکراوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی ماوەی پڕکردنەوەی فۆرمەکە خزمەتگوزارییەکانی دیکە چالاک بکرێن.
 
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.