رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، راستەوخۆ دەستوەردان لە پلانی وەرگرتن دەکات و زیادی دەکات. دەشڵێت، "100٪ـی ئەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، لە زانکۆلاین و زانکۆکان جێگەیان دەکەینەوە." داوا لە قوتابیانیش دەکات بچنەوە ماڵەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-10-2021، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تیمی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێندکارانی دەرچووی 12 ئامادەیی لە زانکۆلاین کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە د. ئارام محەممەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پلانی وەرگرتن بەپێی یاسا پلان بەشی زانستی دایدەڕێژێت و دەیداتە ئەنجوومەنی کۆلێژ، ئەنجوومەنی کۆلێژ بەرزی دەکاتەوە بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ، ئەنجوومەنی زانکۆش دەینێرێت بۆ ناوەندەی وەرگرتن، بۆیە پلانی وەرگرتن دەسەڵاتی منی تێدا نییە وەکو وەزیر زیادی بکەم یان کەمی بکەم. بەڵکو زانکۆکان پلانیان ناردووە و ئێستاش گوێم لێدەبێت دەیانەویت من تۆمەتبار بکەن."
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی گوت کە "من بەرپرسیارم لەو کارەی دەیکەم، بە کارێکی دادپەروەرانەی دەزانم، راستەوخۆ دەستوەردان دەکەم و پلانی وەرگرتن زیاد دەکەم، پرۆسەکەش دەخەمە سەر راستەرێگەی خۆی، هەموو خوێندکارانی کوردستانیش دڵنیا دەکەمەوە کەسیان لەسەر جادە نامێننەوە، هەموو ئەوانەی نمرە هاوشێوەکانیان لەکوێ وەرگیراوە و ئەو وەرنەگیراوە لە رێگەی پرۆسەی زانکۆلاین بەوپەڕی دادپەروەری و شەفافیەت و راستگۆییەوە جێبەجێی دەکەین."
لەدوای گەڕانەوەی ناوی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی، بەشێک لە قوتابیان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن. بەشێکیان نمرەی 99یان بەدەستهێنابوو و لە بەشی پزیشکیی گشتی وەرنەگیرابوون، بەشێکی دیکەیشیان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە سەرەڕای ئەوەی نمرەکانیان لە سەروو 95ـەوەیە، بەڵام ئەو بەشەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە کە خۆیان دایاننابوو.
وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، "بڕۆنەوە ماڵەکانی خۆتان، تاوەکو ئێمە لێرە بین ناهێڵین هیچ کەسێک و هیچ سیستەمێک ستەمیان لێ بکات، هەڵە و کەموکورتیش رووبدات، کۆتایی دونیا نییە و دێینەوە سەر رێگە راستەکە و بۆیان چاک دەکەینەوە، دڵنیاشیان دەکەمەوە هیچ گرفت و کێشەیەک نامێنێت، هەر کێشە و گرفتێکیشیان هەبێت من لە سەنگەری داکۆکیکردنیان بووم و دەمێنمەوە، هەرچیشیان ویست با بێنە لای من لە ماڵەوە و لە وەزارەت لە خزمەتیان دەبم."
لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەبارەی وەرگرتنی 100٪ـی قوتابیان و خوێندکاران کە هەر نمرەیەکیان هەبێت، د. ئارام محەممەد گوتی، "100٪ ئەوانەی داواکارییان پێشکەشکردووە، لە زانکۆلاین جێگەیان دەکەینەوە، لە زانکۆکان جێگەیان دەکەینەوە، بەرمەبنای ئەو نمرانەی کە خۆیان داوایان کردووە، نەک بەرمەبنای داواکارییەکانیان، هەندێک گرفت لەوەیە داواکاییەکانیان بەرزترە لە نمرەکانیان، هەمووشمان دەزانین نرخی کوسی نمرە و کێبڕکێی نمرە دروستی دەکات، من نرخی لەسەر دانانێم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ