هەرێم کەمال ئاغا: کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت

31-10-2022
هیدایەت جان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پارتی و یەکێتی لە بەغدا کێشە ئاڵۆزەکەیان تێپەڕاندووە و پێیوایە: "هۆکاری بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، پەیوەستە بە جێبەجێنەکردنی ئەو لاپەڕە هاوبەشەی لە نێوان یەکێتی و پارتی دراوەتە کاک مەسعود بارزانی." 
 
رۆژی دووشەممە 31-10-2022، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "کێشەی گەورە و ئاڵۆزی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بوو کە ئەویش تێپەڕی و ئەوەی جێی دڵخۆشییە لاپەڕەیەکی هاوبەش لەلایەن یەکێتی و پارتی ئامادەکراوە و بووەتە کارنامەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی." 
 
هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تەنیا ناتوانێت گوشار بخاتە سەر هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و پارتیش بە هەمانشێوە. بۆ بابەتی وەزارەت و پۆستەکانی عێراقیش دەبێ لە یەکگەیشتن و گفتوگۆ هەبێت، بەڵام بابەتی گرنگ جێبەجێکردنی کارنامەی ئەو حکومەتەیە کە دەبێ هەموومان لە بەغدا بتوانین بە یەک تیم بین و ببینە کارتێکی بەهێز." 
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە، حکومەتی نوێی عێراق بەدەر لەو کارنامەیەی هەیەتی، چاوێکیشی لەسەر شەقامە کە رەوتی سەدر ئێستا لە بۆسەی ئەوەدایە جارێکی دیکە لایەنگرانی بنێرێتە شەقام، بۆیە حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی پێویستی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی هەموو دەنگەکانە.
 
لەبارەی کاریگەریی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "هەموو ئەو دەرفەتانەی لە رابردوودا لە بەغدا لەدەستمانداوە، دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بووە، دەستکەوتەکانیشمان بەرهەمی کاری بەیەکەوە و یەکگرتووییمان بووە و ئەگەر ناکۆکییەکانی ئێستای یەکێتی و پارتیش بەردەوامبن، هەموو ئەو مافانەی لە کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق جێمانکردووەتەوە، لەدەستیان دەدەین." 
 
هەرێم کەمال ئاغا داوایەکی لە پارتی هەیە و دەڵێت: "دوای  کۆنگرەی پارتی، ئەو حیزبە کە ئەمڕۆ زۆرینەی حوکمڕانی کوردستان سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەدەستە، ئەگەر دەیەوێت بنبڕی کێشەکان بکرێت، دەبێت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یەک تیم و یەک کارنامە لەپێناو خەڵکی کوردستان و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان کار بکەن."
 
لەبارەی هۆکاری بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامەکەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە گوتی: "بەر لە پێکهێنانی حکومەت لاپەڕەیەکی هاوبەش لەنێوان قوباد تاڵەبانی و د. فوئاد حوسێن وەک کارنامەی کاری هاوبەش پێشکێشی کاک مەسعود کراوە و تائێستا ئەو لاپەڕەیە هیچ وەڵامێکی نەبووە، بۆیە کۆی نیگەرانییەکان لەو لاپەڕەیە کۆبووەتەوە، بابەتەکانی ناو لاپەڕەکە بریتین لە دادپەروەری لە حکومەت و پارێزگای سلێمانی و کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە تاکڕەوی لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و ئەمنی و چەند بابەتێکی دیکە." 
 
بەگوتەی هەرێم کەمال ئاغا: قوباد تاڵەبانی بەهۆی ئەو کێشانەی ئاماژەی پێدان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، تاوەکو چارەسەرێکیش بۆ کێشەکان نەکرێت، پێیوایە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵوێستی خۆی بەردەوام دەبێت. هەرچەند یەکێتی بۆ ئەو بابەتە تیمێکی هەیە و ئەوان بڕیار دەدەن بایکۆتکردنی دانیشتنەکان تاوەکو کەی بەردەوامدەبێت، بەڵام تاوەکو ئەو کێشانە بەردەوامبن، رەنگدانەوەیان لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."