رووداو دیجیتاڵ
نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 160 هەزار دینار دابەزی. گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێریش دەڵێت: "لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو نەوتەی حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە دەگاتە هەولێر، بەوەش بەهای نەوت زیاتر دادەبەزێت و ئەگەری هەیە بگاتە 130 هەزار دینار."
دابەشکردنی نەوتی ماڵان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و خێراترکردنی ئەو پڕۆسەیە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەگەڵ هاتنی نەوت لە پارێزگاکانی هەولێر و کەرکووک و دیالە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وایکردووە بەهای بەرمیلی نەوتی ماڵان زیاتر دابەزێت، ئەمە بەپێی قسەکانی جەنگی مەجید، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر کە رۆژی سێشەممە، 31-10-2023 قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
جەنگی مەجید، کە خۆی یەکێکیشە لە بازرگانەکانی نەوت و بەنزین، گوتی: "ئەگەر ئەو نەوتەی حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی بنێرێت کە بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوو بگات، ئەوا بەهای بەرمیلێک نەوتی ماڵان بۆ 130 هەزار دینار و کەمتریش دادەبەزێت."
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهای بەرمیلێک نەوت لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەنێوان 170 بۆ 180 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا لە پارێزگای هەولێر نرخەکەی لەنێوان 155 بۆ 165 هەزار دینارە، لە پارێزگای سلێمانی لەنێوان 150 بۆ 160 هەزار دینارە، لە پارێزگای دهۆک 155 هەزار دینارو، لە پارێزگای هەڵەبجەش نرخەکە لەنێوان 155 بۆ 160 هەزار دینارە.
سەلام عەزیز، یەکێکە لە نەوتفرۆشانی شاری دهۆک، رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، بە رووداوی گوت، بەهای بەرمیلی نەوت زیاتر دادەبەزێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو نەوت بەسەر سەرجەم خێزانەکان دابەشبکات.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا 40 ملیۆن و 787 هەزار لیتر نەوتیان بەسەر نزیکەی 203 هەزار و 953 خێزان دابەشکردووە.
دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سنووری جوگرافی لە ناوچە زۆر سارد و شاخاوییەکانەوە دەستیپێکردووە و لە مانگی داهاتوو دەگاتە سەنتەری شارەکان و هەر بەرمیلێک 200 لیتریی نەوت بە 104 هەزار دینار دەدرێتە هاونیشتمانییان، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوت دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ