رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر دەڵێت، نزیکەی هەزار رێستۆرانت، کافتریا و هۆتێلی گەشتیاری هەن و بەهۆیانەوە نزیکەی 10 هەزار کەس هەلی کاریان بۆ رەخساوە.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، شکور عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی دەستپێکردنەوەی خوێندن و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، فرۆش لە شوێنە گەشتیاری و رێستوانتەکان بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام گوتیشی، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ چێشتخانە و رێستۆرانتێک بەهۆی کەمیی سەردانیکار و گەشتیارەوە لە هەولێر دانەخراوە".
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر، لە هەولێر نزیکەی هەزار رێستۆرانتی گەشتیاری، کافتریا و هۆتێلی گەشتیاری هەن. شکور عەزیز دەڵێت، لەو شوێنانەدا لانیکەم 10 هەزار کەس کار دەکەن و ئەو شوێنانە بوون بە سەرچاوەی بژێویی 10 هەزار خێزان.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە شوێنە گەشتیارییەکان، نزیکەی 400 خواردنگە و چێشتخانەی میلـلی لە شاری هەولێردا هەن و ئەو شوێنانەش بژێویی سەتان خێزان دابین دەکەن. گوتیشی، "ئێستا دۆخی خواردنگە و چێشتخانە میلـلییەکان باشترە لە رێستۆرانتە گەشتیارییەکان".
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بوون.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ