پێنجشەممە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

01-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستپێبکات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەکە دەڵێت، ئامادەکارییەکان تەواوکراون و بەشێوەیەکی باش پێشوازی لە سەردانیکاران دەکەن.

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 2-11-2023، کاژێر 10:00ـی بەیانی، فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2023، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییە سەرەکییەکانیان بۆ فێستیڤاڵەکە تەواو کردوون و بە هاوکاریی پۆلیس، ئاسایش و هاتووچۆ، رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و پێشوازی لە سەردانیکاران دەکرێت.
 
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانی دەکات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، 720 شوێن بۆ جووتیاران، باخەوانان و خاوەنکاران ئامادەکراون و رادەستیان کراون، بۆئەوەی پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە بەروبوومەکانی خۆیان بگوازنەوە و دایانبنێن.
 
%50ی فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە هەنار و ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی لەکاتی پێگەیشتندان، نیوەکەی دیکەی تایبەتە بە کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان و جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان، توو، سرکە، هەنگوین، دۆشاو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە نمایش دەکرێن.
 
ستار مەحموود دەڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ شارەوانی و هاتووچۆی هەڵەبجە کردووە بۆئەوەی ئەمساڵ کەمترین قەرەباڵخی و ئاستەنگیی هاتووچۆ بۆ سەردانیکاران دروست بێت.
 
هەناری هەڵەبجە بەنێوبانگە و نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لەو پارێزگایەدایە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ساڵی رابردوو بەرهەمی هەناری هەڵەبجە نزیکەی 11 بۆ 12 هەزار تۆن بوو. دەشڵێت، "بەرهەمی هەناری ئەمساڵ زۆر باشە و لە دوو ساڵی رابردوو باشترە".
 
لە هەڵەبجە نۆ هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەن، ئەگەر بەرهەم 100% بێت، ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەم دەبێت.
 
فێستیڤاڵی هەنار ساڵی رابردوو 24 و 25ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو. بەگوێرەی خەمڵاندنی ئامادەکارانی فێستیڤاڵی هەنار لە ساڵی 2022، زیاتر لە 200 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد و ئەمساڵ پێشبینی دەکەن، هەمان ژمارە یان زیاتر سەردانی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."