گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەت و چاودێریکردنی سیستمی شۆفاژدا دەکرێت

31-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر بۆ دانانی سیستمی شۆفاژ لە شوێنی گشتی، ماڵان و تایبەت، دەبێت مۆڵەت لە بەرگریی شارستانی وەربگیرێت. لە سلێمانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکان گەشەپێدانی پیشەسازی کراوەتە لایەنی پەیوەندیدار، لە دهۆکیش لیژنەیەک لە پارێزگا پێکهێنراوە.
 
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا بەستنی سیستمی شۆفاژ و کارکردن بەو سیستمە کە بە گازی LPG کاردەکات زیاتر دەبێت. ساڵی رابردوو بەهۆی سیستمەکەوە لە سلێمانی و دهۆک 22 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 40 کەسیش برینداربوون، ئەم ساڵ بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکان رێوشوێنی نوێ گیراونەتەبەر.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانانی هەموو جۆرەکانی سیستمی شۆفاژ و گازی LPG دەبێت بە مۆڵەت بێت، هیچ شوێنێکی تایبەت و ماڵان بۆی نییە بەبێ مۆڵەت و ئاگاداریی لیژنەکانی ئێمە سیستمی گاز دابنێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیانە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەموو سیستمێکی شۆفاژ و LPG دەبێتە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە دابنرێن، کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و لە هەولێر 13 کۆمپانیان. گوتیشی: "کاتێک هاونیشتمانییەک سیستمەکەی لێچوون یان هەر کێشەیەکی هەبوو دەبێت دەستبەجێ بەرگریی شارستانی و تیمی کۆمپانیاکە ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بۆی چارەسەربکرێت و رێگری بکرێت لە رووداوی نەخوازراو".
 
هەروەها رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چاودێریی سیستمی شۆفاژ و مۆڵەت پێدان لە دەستی ئەواندا نەماوە و ئێستا گەشەپێدانی پیشەسازی لە سلێمانی مۆڵەتی دانانی سیستمەکە و هەموو سیستمێکی گاز دەدات.
 
ئارام عەلی ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ماڵێک پێشتر و داهاتووش سیستمی شۆفاژی هەبێت و کێشەی لێچوون یان هەر گرفتێکی دیکەی بێتە پێش، دەبێت سەرەتا کۆمپانیای جێبەجێکار ئاگادار بکاتەوە پاشان گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانی.
 
لە دهۆکیش پێدانی مۆڵەت و چاودێریی بە لیژنەی تایبەتمەند سپێردراوە، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژ بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی شەش مانگە دۆسیەی دانانی سیستمی شۆفاژ و گازی ماڵان رادەستی لیژنەیەک کراوە و لەلایەن ئەندازیارێکەوە لە پارێزگای دهۆک سەرپەرشتی دەکرێت و ئەندامی بەرگریی شارستانی و لایەنەکانی دیکەی تێدایە.
 
گۆڕانکاری لەپێدانی مۆڵەت و چاودێریکردنی سیستمی شۆفاژ دوای دوو رووداوی ساڵی رابردوو دێت، کە یەکەمیان 17-11-2022 روویدا و کاتێک بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە بریندار بوون. رووداوی دووەمیش دوای چوار رۆژ و 21-11-2022، تانکییەکی گازی سەمونخانەیەک لە دهۆک تەقییەوە، بەوهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 30 کەسیش بریندار بوون.
 
18ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنیان لە مەترسییەکانی سیستمی گاز و شۆفاژ، لیژنەیەک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردراون، پشکنین بۆ ئەو شوێنانە بکەن، کە سیستمەکە بەکاردەهێنن و تاوەکو ئەوکاتەش پشکنینیان بۆ 500 شوێنی تایبەت و گشتی کردبوو.
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کورستان، 53 کۆمپانیا مۆڵەتیان هەیە و دەتوانن سیستمی گاز و شۆفاژ دابنێن و بەمشێوەیە دابەشی سەر شارەکان بوون؛ هەولێر 13 کۆمپانیا، سلێمانی 36 کۆمپانیا و لە دهۆکیش 4 کۆمپانیا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."