رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، هۆکاری بۆنە ناخۆشەکەی شەوی رابردوو هەبوونی چەند کەندێک و پڕکردنەوەیانە بە زبڵ و پاشماوە و دەبێت شارەوانی پاکیان بکاتەوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هەر ئەمڕۆ تیم دەنێرن بۆ پڕکردنەوەی کەندەکان.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پشت هەززە لە ناحیەی کەسنەزان چەند کەندێک هەن، بوونەتە شوێنی فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و سووتاندنی بەشێکی پاشماوەکان، ئەوەش بۆنێکی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە".
درەنگی شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆنێکی ناخۆش لە چەند گەڕەکێکی هەولێر بڵاوبووەوە، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی ئایندە و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێکی خەڵک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر کە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمیان چووەتە ئەو شوێنانەی بۆنەکەی لێ بڵاوببووەوە گوتی: "بەشێکی بارهەڵگرانی سووتەمەنیش لە نزیک کەندەکەوە پاشماوەی سووتەمەنییەکانیان دەڕێژن، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بۆنەکەی شەوی رابردووە".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنەکەدا، لە بڵندگۆی مزگەوتی گەڕەکی ئایندەوە داوا لە دانیشتووانی سنوورەکە کرا، بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان دەمامک بەکاربهێنن.
هاونیشتمانییەکی گەڕەکی ئاشتی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: "نازانین بۆنەکە غازە، یان گاز یان نەوتی رەش، دەمامکیش سوودی نییە و ئێستا ماڵ جێدەهێڵین".
موقەدەم شاخەوان داوای لە هاونیشتمانیان کرد، لە ئەگەری رووداوی هاوشێوەدا دەستبەجێ پەیوەندییان پێوە بکەن.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، بۆ نەهێشتنی بۆنەکە پێویستە شارەوانیی کەندەکان پڕبکاتەوە و رێگە نەدرێت زبڵ فڕێ بدرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیممان ناردووە و دەستبەجێ کەندەکان پڕدەکرێنەوە و رێگری لە دووبارەبوونەوەی بۆنەکە بکرێت".
پێش ئاشکرابوونی سەرچاوەی بۆنەکە، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شوێنانەی بۆنەکەی لێ بڵاوبووەوە هیچ کارگەیەکی غازی لێ نییە و لیژنەی تایبەتمەند کە لە پارێزگای هەولێرەوە رادەسپێدرێن بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ