بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: ئامادەین یارمەتیی لوبنان بدەین بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی لە کەمپەکانەوە

31-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنێکی نێو کەمپی هۆل. وێنە: ئەرشیڤ
دیمەنێکی نێو کەمپی هۆل. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای سەردانی شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ لوبنان، نوێنەری ئەو قەوارەیە لەو وڵاتە بە رووداوی گوت، گفتوگۆیان لەبارەی میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە لوبنانییانە کردووە کە لە کەمپەکانی هۆل و رۆژدان و دەڵێت، "ئامادەین ئاسانکاری بۆ شاندێکی لوبنانی بکەین تاوەکو سەردانی کەمپەکان بکات و ناسنامەی هاووڵاتییەکانی پشتڕاست بکاتەوە."
 
شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رۆژی پێنجشەممە، سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە لوبنان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداو کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، رایگەیاند، "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان، گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە لوبنانییانە بوو کە لە کەمپەکانی هۆل و رۆژدان. ماوەیەکی زۆرە ئێمە داوایان لێدەکەین، بەڵام ناکۆکیی نێوخۆیی لوبنان رێگر بووە. ئێستا بڕیارێکیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ژن و منداڵەکانیان."
 
سەبارەت بە ژمارە و کێشەی ئەو لوبنانییانە، عەبدولسەلام ئەحمەد گوتی: "نزیکەی 11 ژنی لوبنانی و منداڵەکانیان لە کەمپەکاندان، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە زۆربەیان ناسنامەی لوبنانییان پێ نییە. هەندێکیان دوای کوژرانی هاوژینە لوبنانییەکەیان، ژیانی هاوژینییان لەگەڵ چەکداری دیکەی بیانی پێکهێناوە، ئەمەش کێشەی بۆ ناسنامەی منداڵەکانیان دروستکردووە و رەنگە پێویستی بە پشکنینی DNA بێت."
 
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان نیشاندا و گوتی، "ئێمە پێمان گوتوون کەی ئامادەبن، دەتوانن وەک شاند سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن. دەرگامان بۆیان کراوەیە. دەتوانن راستەوخۆ بچنە کەمپەکان و لەگەڵ هاووڵاتییەکانیان قسە بکەن، ناسنامەیان پشتڕاست بکەنەوە و بیانگەڕێننەوە."
 
گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا تەنیا لەسەر پرسی کەمپەکان نەبووە، بەڵکو دۆخی ئەمنیی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر لوبنان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بووە. عەبدولسەلام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "هەسەدە وەک هێزێکی کارا و جێگەی متمانە لە شەڕی دژی تیرۆردا سەیر دەکرێ" و گوتیشی، "ئامادەین لە بواری ئەمنیدا هاوکاریی یەکدی بین."
 
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە، بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی هۆل، ئێستا 25 هەزار و 241 کەس لە کەمپەکەدا دەژین کە دابەشبوون بەسەر 7هەزار 125 خێزان. 6 هەزار و 279 کەسیان بیانین و لە کەسوکاری چەکدارانی داعش پێکدێن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێشتر دەستپێشخەریی "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە"ی بۆ نیشتەجێکراوانی کەمپەکە راگەیاندبوو. تاوەکو ئێستا 30 کاروانی پەنابەرانی عێراقی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و سێ کاروانی پەنابەرانی سووریاییش گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە