رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، 21 بەندکراوی ئێرانی لە زیندانەکانی تورکیاوە گەڕێندراونەتەوە زیندانێکی پارێزگاکە؛ راشیگەیاند، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، سەرجەمیان دەگوێزرێنەوە بۆ زیندانەکانی ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30-10-2025، ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ تورکیا، بە هاوکاریی لیژنەی گواستنەوەی زیندانییەکان و پاسەوانی سنووری ماکۆ، 21 کەسیان لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەوە گەڕاندەوە."
بە گوتەی ناسر عەتەباتی، ئەو بەندکراوانە لە رێگەی دەروازەی سنووریی بازرگانەوە کە دەکەوێتە شاری ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، گەڕێندراونەتەوە و ئێستا بە شێوەی کاتی لە زیندانی شارەکە راگیراون.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ورمێ ئاماژەی بەوەدا دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، سەرجەمیان دەگەڕێندرێنەوە زیندانەکانی ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان.
هەر لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراواندا، سەرەتای ئەم ساڵیش 27 کەس لە زیندانەکانی تورکیاوە گەڕێندرانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
دوێنێ محەممەد حەسەن حەبیبوڵڵازادە، باڵیۆزی ئێران لە تورکیا لەوبارەوە رایگەیاند، ''بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوانمان، پرۆسەی گواستنەوەی بەندکراوانی ئێرانی لە زیندانەکانی تورکیاوە بەردەوام دەبێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ