رووداو دیجیتاڵ
درەنگی شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆنێکی ناخۆش لە چەند گەڕەکێکی هەولێر بڵاوبووەوە، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی ئایندە و ئاشتی و بووە هۆی ئەوەی بەشێکی خەڵک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، تیمێکی هاوبەشی بەرگری شارستانی و قایمقامییەت سەرقاڵی بەدواداچوونن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەبوونی بۆنێکی ناخۆش ئاگادار کرانەوە، تیمێکی تایبەت لە بەرگری شارستانی و قایمقامیەت بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکەن.
پارێزگاری هەولێر گوتی: "تیمەکان گەیشتوونەتە ئەو شوێنانەی بۆنەکەی لێ بڵاوبووەتەوە، لەوێ هیچ پاڵاوگە و کارگەیەکی تێدا نییە، بەڵام بە وردی بەدواداچوون دەکرێت و هۆکارەکە هەرچی بێت چارەسەری دەکەین".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنەکەدا، لە بڵندگۆی مزگەوتی گەڕەکی ئایندەوە داوا لە دانیشتووانی سنوورەکە کرا، بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان دەمامک بەکاربهێنن.
هاونیشتمانییەکی گەڕەکی ئاشتی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: "نازانین بۆنەکە غازە، یان گاز یان نەوتی رەش، دەمامکیش سوودی نییە و ئێستا ماڵ جێدەهێڵین".
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شوێنانەی بۆنەکەی لێ بڵاوبووەوە هیچ کارگەیەکی غازی لێ نییە و لیژنەی تایبەتمەند کە لە پارێزگای هەولێرەوە رادەسپێدرێن بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی دەکەن".
ساڵانی رابردوو بەهۆی پاڵاوگە نایاساییەکانەوە ناوبەناو بۆنی ناخۆش لە بەشێکی هەولێر بڵاو دەبووەوە، بەڵام ئێستا بەشێک لە کارگەکان داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ