شێخ جەعفەر: حەزم دەکرد پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تووندتر بووایە

31-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بەشداریی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە بووڵتەنێکی تایبەتی رووداو بۆ سەری ساڵ. وێنە: رووداو
بەشداریی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە بووڵتەنێکی تایبەتی رووداو بۆ سەری ساڵ. وێنە: رووداو
نیشانەکردن شێخ جەعفەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، باوەڕی وایە حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان ئامادە نین رێز لە رێککەوتنەکان بگرن و حەزیشی دەکرد پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی عێراقەوە "تووندتر بووایە".
 
شێخ جەعفەر لەمیانی بەشداریکردنی بووڵتەنێکی تایبەتی رووداو تایبەت بە پێشوازی لە ساڵی نوێی 2021 ئاماژەی بە پەیامێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە تێیدا هاتبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چەند رێگەیەکی جیاواز ویست و نیازی خۆی دەربڕیوە بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تەنانەت شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا مانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی باش و کردەیی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نییە. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندبوو، ئەو هەڵسوکەوتەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە هیچ شێوەیەک یاسایی و دەستووری نییە "بەڵکو سزادانی خەڵکی کوردستانە".
 
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پەیامەوە گوتی، پەیامەکە "لە شوێنی خۆیدا بووە"، تەنانەت "من حەزم دەکرد پەیامەکەی [سەرۆکی هەرێمی کوردستان] تووندتر بووایە". بە گوتەی شێخ جەعفەر، لە سەرەتای دروستبوونی عێراقی نوێوە، لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا ئەو چەند جارێکی گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ لایەنی عێراقی کردووە، لەو ماوەدا بە ئەزموون بۆی دەرکەوتووە هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەلایەن عێراقەوە جێبەجێ ناکرێت. هەروەها گوتیشی، تاوەکو هەرێمی کوردستان "نەرمی بنوێنێت"، ئەوا عێراق داواکارییەکانی زیاتر دەکات.
 
سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لە ساڵی 2020 چەندجارێک کێشە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی روویداوە، شێخ جەعفەر ئەوەی خستەڕوو، کێشەکە ئەوەیە حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەسەڵاتێکی زۆری بەدەستە و سوپای عێراق لەتوانایدا نییە کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێکجار حەشدی شەعبی "لەژێر ناوی داعش" کێشە بۆ هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە دروستدەکات.
 
دەربارەی ئەگەری شەڕ لەنێوان هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو بکرێت باشترە شەڕ نەبێت، بەڵام ئەگەر ناچاربوون و شەڕێک بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، ناچارن ئەو شەڕە بکەن.
 
هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا کردبوو، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێی 2021ـەوە، رایگەیاند "ساڵێکی سەخت و دژوارمان بەڕێکردووە"، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بکرێت، "نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتووش هەستیار دەبێت". لەگەڵ ئەوەی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا هێشتا بەردەوامن، بەڵام قوباد تاڵەبانی گوتی، باوەڕی وایە "لەپاش هەموو ناخۆشییەك نۆرەی خۆشییە و تونێلەكە چەندە درێژ و تاریک بووبێت، رووناكی لە كۆتاییەكەیدا دیارە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمانخانەیەکی ئێران

چەند جۆرێک دەرمانی پێویست لە پارێزگای سنە دەستناکەون

جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێ، بەشێک لە کێشەی کەمیی دەرمانیان بە بەکارهێنانی دەرمانی نێوخۆیی چارەسەرکردووە، بەڵام چەند جۆرێک دەرمانی تایبەت و پێویست لەو پارێزگایە دەستناکەون.