رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی سەری ساڵی تازەی زایینی لە هاونیشتمانییانی کوردستان دەکات و دەڵێت، "لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوە دایە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ رایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت."
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەکات و دەڵێت، "لە ساڵی نوێدا ئەو چاوەڕوانییە لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دووپاتیدەکاتەوە کە "پەیامی گەلی كوردستانیش بۆ هەموو لایەك هەمیشە پەیامی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و چارەسەری بووە و ئەمە باشترین رێگەیە بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی هیوا دەخوازێت "ساڵی 2024 ساڵی كۆتاییهاتنی گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەمان بێت و ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و گشت ناوچەكەمان بێتە دی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ