یەکێتیی کەمئەندامان: لە 2023دا خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێ بەرامبەرمان کرایە پارە

31-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێت، ساڵی 2023 بۆ ئەوان "ساڵێکی رەش" بووە و یەک بڕیار لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی کەمئەندامان نەدراوە، پێشتر خزمەتگوزاریی تەندروستییان بێ بەرامبەر بووە، ئەم ساڵ کراوەتە پارە.

رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵی 2023 لای ئێمەی کەمئەندامان بە ساڵی رەش دەناسرێت، لەم ساڵەدا دۆخی کەمئەندامان زۆر خراپتر بوو؛ ژیانێکی پڕ لە نەهامەتیمان بەڕێکرد".
 
سامان حوسێن دەڵێت، ساڵانی رابردوو مووچەیان لە کاتی خۆیدا پێدراوە و رێکخراوەکان و خێرخوازانیش هاوکارییان کردوون، بەڵام 2023 هەموو ئەوانەیان نەماوە و "سێ مانگ جارێک"یش مووچەیان پێدەدرێت.
 
لێپرسراوی یەکێیتی کەمئەندامانی کوردستان گوتیشی: "ساڵانی رابردوو تەواوی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ کەمئەندامان بێبەرامبەر بوون؛ نەشتەرگەریی بۆ کەمئەندام کراوە بە 10 ملیۆن دینار بووە بۆ ئێمە بێ بەرامبەر بوو، بەڵام ئێستا بچووکترین خزمەتگوزاریی تەندروستیشمان نەماوە بێ بەرامبەربێت".
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی کەمئەندامان، لە هەرێمی کوردستان 89 هەزار کەمئەندام مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و نزیکەی 40 هەزاری دیکەش لە ساڵی 2013ـەوە چاوەڕوانی تۆمارکردنن بۆ وەرگرتنی مووچە. سامان حوسێن گوتی، زۆرترین کەمئەندام لە سنووری سلێمانین، پاشان هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە.
 
لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێت: "کەمئەندام ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێت، مووچەی کەمئەندامییەکەی 100 هەزار دینارە، مووچەی دیکەی نەبێت 150 هەزار دینار مووچەی هەیە، بەڵام لەکاتی خۆیدا نادرێت و لە هەموو کەسێکێش دەپرسین، کەس هەیە هەردوو قاچی نەبێت و خێزانداربێت و مانگێک بە 100 هەزار دینار بژی؟".
 
سامان حوسێن باسی لەوە کرد، ئەم ساڵ "یەک بڕیار" لە بەرژەوەندیی ئەوان نەدراوە، هیوای خواست ساڵی 2024 بۆ کەمئەندامان ساڵێکی باش بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستەکانیان جێبەجێ بکات، بەتایبەت زیادکردنی مووچەکانیان و پێدانی لەکاتی خۆیدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەکی کارتی زانیاری.

کارتی زانیاریی سلێمانی: دەرهێنانی کارت بەردەوامە و رانەوەستاوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی دەڵێت، هیچ نووسراوێکی فەرمی بۆ راگرتنی کارەکانیان بە ئەوان نەگەیشتووە و دەرهێنانی کارتەکە بەردەوامە.