رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راوێژکارێکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئەو خاوەن دووکانانە نیشاندا کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی باجدکەندال زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31-12-2025، د. خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەی کەمپی باجدکەندال، راپۆرتێکی ورد لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لەبارەی قەبارەی زیانەکان ئامادەکرا و پێشکێشی سەرۆکوەزیران کرا."
خەلەف شنگالی ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد شیاع سوودانی بە نووسراوی فەرمی رەزامەندی دەربڕیوە کە قەرەبووی 53 خاوەن دووکان بکرێتەوە.
خەلەف شنگالی گوتی، بەگوێرەی بڕیارەکە، 1 ملیار و 62 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ دووکانە سووتاوەکان تەرخان دەکرێ.
رۆژی 27-12-2025، بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە 53 دووکانی بازرگانیی کەمپی باجدکەندال کەوتەوە. کەمپەکە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و دانیشتووانەکەی کوردی ئێزدین کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ