رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی مین لە میهرانی پارێزگای ئیلام، هاونیشتمانییەک بریندار بوو. بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێ، بریندارەکە لەژێر چاودێریی چڕدایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، موحسین وەیسی رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مینێک کە لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بەجێماوە، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵان لە نزیک گوندی ''بان رەحمان''ـی سەر بە شاری میهرانی پارێزگاکە بریندار بوو.
بەگوتەی موحسین وەیسی، بەهۆی تەقینەوەکەوە، روخسار، دەست و جەستەی هاونیشتمانییەکە بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئیلام، لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
گوندی بان رەحمانی میهران کەوتووەتە سەر سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای واستی عێراق کە تاوەکو ئێستا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانەکەی بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی ئێران دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، هەوڵی دا مینە چێندراوەکان هەڵبگرێتەوە. زستانی ساڵی 2012 راگەیێندرا کە مین و تەقەمەنییەکان هەموویان کۆکراونەتەوە و رێوڕەسمێکیشی بۆ بەڕێوەچوو؛ بەڵام دوای ئەوەش، زۆرجار مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕ بە خەڵکدا تەقیوەتەوە.
بەشێک لە مین و تەقەمەنییەکان بەهۆی لافاو و رووبارەکانەوە شوێنەکانیان گۆڕاوە، یان باران خۆڵی سەر مینەکانی لاداوە و وردە وردە دەرکەوتوون، بەمەش بوونەتە هۆی مەترسی بۆ سەر دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ