رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و نالەباریی کەشوهەوا لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا بۆ هاتووچۆ، چوونی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری و بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەو وڵاتە بە کاتی راگیرابوو، بەڵام ئێستا ئاسایی بووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی هاتووچۆکە لە دیوی تورکیا بوو؛ لەوێ بەفرێکی زۆر باریوە کە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردبوو. رێی هاتن لە تورکیاوە بۆ دەروازەکەی ئێمە هیچ کێشەیەکی نەبووە".
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، بەهۆی بارینی بەفر لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا، هەندێک لە رێگە و جادەکان داخراون، بەو هۆیەشەوە هاتووچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکان لە دەروازەی خابوور لەلایەن تورکیاوە بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا، دوای ماویەکی کەم دووبارە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە.
گوتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنی تورکی بە فەرمی ئاگاداریان کردنەوە هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا، ئیبراهیم خەلیل وەکو دەروازەیەکی فەرمی و نێودەوڵەتی کارایە. دەروازەی دیکەی وەکو زێت و سەرزێڕێ هەن کە ئەوان کەمتر بەکاردەهێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ