رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی کۆیە رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە دەشتی کۆیە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 4ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، تاریق حەیدەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 06:00ـی ئێوارە لە دەشتی کۆیە و لە نزیک گوندی سێوەسیان، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب تۆیۆتا و ئۆتۆمبێلێکی قەمەرە روویدا و بەهۆیەوە گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.
بە گوتەی تاریق حەیدەری، پێنج کەس لەنێو تۆیۆتاکە بوون؛ سێیان گیانیان لەدەستداوە و دوویان بریندار بوون. دوو کەسیش لە سەرنشینانی پیکابەکە بریندار بوون.
قایمقامی کۆیە گوتی: "ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی پیرەمەگروونن و سەرنشینانی پیکابەکەش خەڵکی گوندێکی دەشتی کۆیەن."
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە: جووتیار ئەحمەد محەممەد، ئەحمەد محەممەد حەمەدەمین و سەعدییە مەولوود.
وەک قایمقامی کۆیە باسی کرد: "تەندروستیی سێ بریندارەکە جێگیرە و رەوانەی هەولێر کراون، بەڵام تەندروستیی یەکێکیان باش نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ