رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت: "هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە.".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2026، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان دەکەم و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە هەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو.
بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆڕاگریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو، توانیمان چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتیش دابینکردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگەوبان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.
هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە.
پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک.
هەروەها ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیکدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پێکبهێنرێت.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/31
31 کانونی یەکەم 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ