جلە نوێیەکانت بشۆ بەر لەوەی بیانپۆشی

19-08-2019
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
A+ A-

رووداو- هەولێر

پرۆفیسۆرێکی نەخۆشییەکانی پێست لە کلینیکی کلێڤلەند هۆشداری دەدات لەبارەی پۆشینی جلی نوێ بەر لەوەی بشۆرێن و رایدەگەیێنێت مەترسیی چەندین نەخۆشیی پێست زیاددەکات.


د. سوزان نێدێرۆست، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی پێست لە کیلینیکی کلێڤلاند لە ئەمریکا دەڵێت: زۆربەی جار کاتێک دەچینە بازار و جلی نوێ تاقیدەکەینەوە و دەیانکڕین دواتر راستەخۆ دەیانپۆشین بەر لەوەی بیانشۆین بەڵام ئەم کارە زۆر مەترسییدارە و ئەگەری تووشبوونمان بە چەندین نەخۆشیی پێست زیاددەکات.

پرۆفیسۆرەکەی نەخۆشییەکانی پێست روونیدەکاتەوە زۆربەی جلەکان لە ماددەی وەک پۆلی ئیستەر و نایلۆنیان تێدایە کاتێک ئەو جلانە دەپۆشرێن لەکاتی ئارەقەکردندا ئەو پێکهاتانە دێنەدەرەوە و زیان بە پێست دەگەیێنن ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی هەستیاری پێست.

د. سوزان دەشڵێت: ئەم کاریگەرییە لە هەموو کەسێک وەک یەک نییە، بەشێکیان خۆیان هەستیاری پێستیان هەیە و کاتێک جلی نوێ دەپۆشن حاڵەتەکەیان توندتر دەبێت، بەڵام بەشێکی دیکەی خەڵکی لەوانەیە لەماوەیەکی درەنگتر تووشی ئەو جۆرەی هەستیاری پێست ببن.

پرۆفیسۆرەکەی پێست رێنماییدەداتە خەڵکی کاتێک جلێکی نوێ دەکڕن بەر لەوەی بیپۆشن دەبێت بیشۆن، چونکە بەمە بەشێکی رەنگ و پێکهاتە زیانبەخشەکانی جلەکە لادەچن و مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری پێست کەمتردەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە