رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد و داوا دەکەن رێگری لە گەورەبوونی شەڕ بگیرێ.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، محەممەد شیاع سوودانی و سەرۆککۆماری میسر باسیان لە پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی و سیسی جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی هاوبەشی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کردووەتەوە و "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کاراکردنی دیالۆگ و پێشخستنی رێگەی دیپلۆماسی بە مەبەستی وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ، بۆ ئەوەی ناوچەکە بەرەو دۆخێک نەچێت کە هەڕەشە لە سەقامگیری تەواوی وڵاتان بکات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری میسر باسیان لەوە کردووە "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی خۆی لەئەستۆ بگرێ بۆ راگرتنی کردە سەربازییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان کە کاریگەریی مەترسیداری لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت"، هاوکات داوای زامنکردنی ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتییان کرد.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026وە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ