رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کوێت رایگەیاند، هێرشێکی ئێران بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی نەوتی ئەو وڵاتە لە بەندەری دووبەی، ئەمەش وەک بەشێک لە هێرشە بەردەوامەکانی تاران لە ناوچەی کەنداو لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵیی کوێت لە زاری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، "کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتی خاوی کوێت، لە کاتی وەستانی لە ناوچەی لەنگەرگرتنی بەندەری دووبەی لە ئیمارات، رووبەڕووی هێرشێکی راستەوخۆ و دووژمنکارانەی ئێران بووەتەوە."
هیچ بریندارێک لە نێو 24 ئەندامی کەشتییەکەدا نییە و دەسەڵاتدارانی دووبەی دواتر رایانگەیاند، کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بکوژێننەوە.
ئاژانسی هەواڵیی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکە لە کاتی هێرشەکەدا باری پێبووە و ئەوەش بووەتە هۆی زیاترکردنی زەرەر و زیانەکان، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیمارات دووپاتیان کردەوە، کە هیچ نەوتێک نەڕژاوەتە ناو دەریاوە.
دەسەڵاتدارانی ئیمارات ئاماژەیان بەوە کردووە، کە کەشتییەکە لە رێگەی درۆنەوە لە ناو ئاوەکانی دووبەی کراوەتە ئامانج. هاوکات سوپای کوێتیش رایگەیاندووە، کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی خەریکی بەرپەرچدانەوەی "هێرشی مووشەکی و درۆنی دووژمنکارانە" بوون.
ئاژانسە دەریاییەکان ناسنامەی کەشتییەکەیان ئاشکرا کردووە، کە ناوی (Al Salmi)یە و درێژییەکەی 332 مەترە و ئاڵای کوێتی لەسەر بووە. کەشتییەکە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و بەرەو شاری چینگداوی چین بەڕێوەبوو.
ناوچەی کەنداو، کە بە سەرچاوەی وزەی جیهان دادەنرێت، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و هێرشەکانی تاران، ئەوەش دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ