رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان، 13 کەس کوژران و 35ی دیکە برینداربوون.
درەنگی شەوی 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل دا بۆ سەر قەزای نەجارییە لە ناحیەی سەیدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 4 هاووڵاتی کوژراون، کە دووانیان ژنن."
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی لوبنان رایگەیاند، "بۆردوومانێکی ئیسرائیل خاڵێکی کۆبوونەوەی سەر بە بزووتنەوەی ئەمەل لە ناحیەی کفرا کردە ئامانج. لە ئەنجامدا فریاگوزارێک کوژرا و 2ی دیکە برینداربوون، هەروەها 11 هاووڵاتیش برینداربوون."
ئاژانسەکە، لە راگەیێندراوێکی دیکەدا رایگەیاند "بۆردوومانێکی ئیسرائیل ناحیەی سەریفای لە قەزای سوور کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کوژرانی 3 هاووڵاتی و برینداربوونی 19ی دیکە."
هەمان رۆژ ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی لوبنان رایگەیاندبوو، بۆردوومانێکی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لە ناوچەی قاسمییە کردبووە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و سێی دیکە برینداربوون، هەروەها بۆردوومانێکی دیکە بۆ سەر شارۆچکەی دێرکەیفا دوو کوژراوی لێکەوتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، گەنجێکیش لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە ناحیەی عەبا کوژرا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردوومانێکی تووندیان بۆ سەر شارۆچکەی قلیلییە لە باشووری شاری سووڕ کرد، هاوکات تۆپخانەکانیش شارۆچکەی مەنسوورییان تۆپباران کرد.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە راگەیێندراوێکدا "بەردەوامیی دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەرتی تەندروستی" سەرکۆنە کرد. رایگەیاند، "ئەمە دووپاتیدەکاتەوە هەوڵێک هەیە بۆ رێگری لە ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییە مرۆییەکان، کە پێشێلکارییەکی بەردەوامی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ