ئێران لە وەڵامی ترەمپ: داوای ئاگربەستمان نەکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە داوای ئاگربەستیان کردبێت. ئەمە لەکاتێکدایە، ترەمپ دەڵێت، رێبەری نوێی ئێران داوای ئاگربەستی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە داوای ئێران بۆ ئاگربەست دوورە لە راستی و بێ بنەمایە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، "سەرۆکی رژێمی نوێی ئێران، کە زۆر کەمتر تووندڕۆ و زۆر زیرەکترە لەوانەی پێش خۆی، داوای ئاگربەستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد". ئەمە بەبێ ئەوەی ترەمپ ئاماژە بەوە بکات سەرۆکی ئێران کێیە یان ئێران هیچ "سەرۆکێکی نوێی" دیاری کردبێت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە کاتێک بیر لەو داواکارییە دەکەینەوە کە تەنگەی هورمز کراوە، ئازاد و بێ گرفت بێت. تا ئەو کاتە، ئێمە ئێران بەرەو نەمان دەبەین یان وەک دەڵێن، دەیگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین". 
 
33 رۆژە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە. جەنگەکە بە هێرشکردنە سەر تاران دەستیپێکرد و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. 
 
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20%ی کۆی بەرهەمی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانەی جیهان بوو. 
 
سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە لەلایەن ئێرانەوە داوای ئاگربەستیان لێکراوە، بەرپرسانی تارانیش بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکیان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا رەتکردووەتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە