رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی "زۆر بە خێرایی" لە ئێران دەردەچن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات بۆ ئەنجامدانی "لێدانی ورد" دەگەڕێنەوە.
سەرۆکى ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026 بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "ناتوانم کاتێکی دیاریکراوتان پێبڵێم، بەڵام ئێمە زۆر بە خێرایی لە ئێران دەردەچین."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان ئامانجەکەی خۆیان پێکاوە و وایانکردووە ئێران چیتر توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەمێنێت.
هەروەها لەبارەی ئاییندەی ئێران دوای کشانەوەی هێزەکانیان گوتی: "ئەوان نابنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئێستا چیتر توانای ئەوەیان نەماوە. من دەڕۆم و هەمووانیش لەگەڵ خۆم دەبەم، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجامدانی لێدانی ورد."
"هەمیشە دەمزانی ناتۆ پلنگێکی کاغەزییە، پووتینیش ئەوە دەزانێت."
لە هەڤپەیڤینێکی دیکەى لەگەڵ رۆژنامەى "تێلیگراف"ى بەریتانی لە هەمان رۆژ، رایگەیاند کە کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ "چیتر لە قۆناخی پێداچوونەوەدا نەماوە" و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە.
ترەمپ گوتی: "من هەرگیز ناتۆ کاری تێ نەکردووم. هەمیشە دەمزانی کە ئەوان پلنگێکی کاغەزین، ڤلادیمیر پووتینیش بەوە دەزانێت."
سەرۆکی ئەمریکا بێزاریی قووڵی خۆی لەوە دەربڕی کە هاوپەیمانەکانی ناتۆ ئامادە نین کەشتیی جەنگی بنێرن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە رێڕەوی 20٪ـی نەوتی جیهانە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا هەمیشە بە شێوەیەکی "ئۆتۆماتیکی" بۆ هاوکاریی ئەورووپا ئامادە بووە، تەنانەت لە ئۆکرایناش، بەڵام ئێستا کە ئەمریکا پێویستی بەوانە، ئەوان ئامادە نین.
ترەمپ بەتایبەتی رەخنەی لە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گرت و گوتی: "ئێوە تەنانەت هێزی دەریاییتان نەماوە. ئێوە زۆر پیرن و ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرانەی هەشتانە کار ناکەن."
هەرچەندە ترەمپ سوورە لەسەر کشانەوە، بەڵام بەپێی یاسایەک کە لە ساڵی 2023 لە کۆنگرێس پەسند کراوە، سەرۆک ناتوانێت بەبێ رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیران یان بڕیارێکی کۆنگرێس، لە ناتۆ بکشێتەوە.
گوتارێکی مێژوویی لە "کاژێری زێڕین"دا
بڕیارە کاژێر 9:00ـی شەو بە کاتی واشنتن (کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپ گوتارێکی گرنگ ئاراستەی گەلی ئەمریکا بکات.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، نەخشەی هاوپەیمانێتییە مێژووییەکانی گۆڕیوە.
لە کاتێکدا واشنتن زیاتر لە 7,800 ئامانجی لە نێو ئێراندا پێکاوە و توانای مووشەکیی تارانی 90٪ تێکشکاندووە، ساردیی وڵاتانی ئەورووپا وایکردووە ترەمپ زیاتر روو لە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، وەک سعوودیە، ئیمارات و قەتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ