وەزارەتی دەرەوەی عێراق: داوای گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی دەکەین

01-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە سووریا لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەدەچێت و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش تێیدا بەشداری دەکات.
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 01-05-2023 لە عەممانی پایتەختی ئوردن، وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن، سعودیە، میسر و سووریا بۆ تاوتوێکردنی پرسی سووریا کۆدەبنەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، "عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە کە داوای گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەکات. دەبێت دۆخی سووریا بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت و ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بەهێز بکرێت."
 
بڕیارە ئەم مانگە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت سووریا بانگهێشتی کۆبوونەوەکە بکرێت.
 
رۆژی 14ی نیسانی 2023 وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسە باڵاکانی شەش وڵاتی ئەنجوونی هاریکاریی کەنداو، کە هەریەکە لە بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیماراتن، لەگەڵ هەریەک لە عێراق، میسر و ئوردن لەسەر داوای سعودیە لە شاری جەدەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
 
یەکێک لە مژارە گەرمەکانی کۆبوونەوەکە گەڕانەوەی سووریا بوو بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، کە لە ساڵی 2011 لە کۆمکارەکە دەرکرا.
 
رۆژی 12-04-2023 لە دوایین ئاماژەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و وڵاتانی ئەندام لە کۆماری عەرەبیدا، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی جەدەی کرد، ئەوەش بووە یەکەم سەردانی وەزیرەکەی سووریا بۆ سعودیە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا.
 
فەیسەڵ میقداد و هاوتا سعودیەکەی باسیان لە "هەنگاوی پێویست" کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستنی دیمەشق، ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوی لایەنی سعودی.
 
رۆژی 13-04-2023 سەرۆکوەزیرانی قەتەر هیوای گەڕاندنەوەی سووریای بۆ کۆمکاری عەرەبی تاڕادەیەک کاڵ کردەوە. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "هیچ شتێک پێشنیاز نەکراوە؛ هەمووی قسە و باسە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە