رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 150 سەرکردەی ئایینیی جوو لە نامەیەکی کراوەدا سەرکۆنەی کارێکی سەربازێکی سوپای ئیسرائیلییان کرد کە پەیکەرێکی حەزرەتی عیسای لە گوندێکی باشووری لوبنان شکاندووە؛ ئەو کارەیان بە "بێڕێزیکردن بە ناوی خودا" و "خیانەت لە بەهاکانی جوو" ناوبرد.
لە چەند رۆژی رابردوودا وێنەیەکی سەربازێکی ئیسرائیلی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا بە چەکوشێکی گەورە پەیکەرێکی حەزرەتی عیسا لە گوندی "دێبێل" لە باشووری لوبنان تێکدەشکێنێت، کە گوندێکی کریستیاننشینە.
نامەکە لەلایەن حاخام و سەرکردە ئایینییەکانی جوو واژۆ کراوە. لە نامەکەیاندا داوای لێبووردنیان لە کریستیانەکانی جیهان کردووە و رایانگەیاندووە: "وەک سەرکردەی جووەکان، داوای لێبووردن لە کریستیانەکان دەکەین بۆ ئەم کارە قێزەونە و جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی پیرۆزیی هەموو شوێن و هێما ئایینییەکان دووپات دەکەینەوە."
ئەم دەسپێشخەرییە لەلایەن رێکخراوی (Israel365 Action) رێکخراوە، کە دامەزراوەیەکی ئیسرائیلییە و کار بۆ دروستکردنی پرد و پەیوەندی لەنێوان کۆمەڵگەی جوو و کریستیانەکان دەکات.
لەنێو واژۆکارانی نامەکەدا ناوی چەندین حاخامی ناودار و ناسراوی جیهانی هەیە، لەوانە: دکتۆر کێنس براندەر، مارک دراچ، دەیڤد رۆزن و یتز گێرنبێرگ.
شەڕ و پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامە و رێکخراوە ئایینییەکان هۆشداری لە تێوەگلانی هێما ئایینییەکان لەو ململانێیەدا دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ