هێرشەکەی ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت

02-10-2023
هێمن عەساف
شوێنی هێرشەکەی ئەنقەرە و فڕۆکەیەکی ئێف 16ی تورکیا.
شوێنی هێرشەکەی ئەنقەرە و فڕۆکەیەکی ئێف 16ی تورکیا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای هێرشەکەی سەر وەزارەتی نێوخۆی تورکیا لە ئەنەقەرەی پایتەخت، کە پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لێ راگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا زەنگی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان لێدەدات و دەڵێت، "هەنگاوی نوێمان لەمبارەیەوە تەنیا پەیوەستە بە ئامادەکاری، کات و دۆخەوە." وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە یەکەم شەوی دوای هێرشەکەدا رایگەیاند، 20 ئامانجیان لە قەندیل، مەتین، گارە و خواکوڕک پێکاوە. 
 
کاژێر 9:30 خولەکی رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێرش کرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی ناوچەی چانکایا لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە. 
 
وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، دوو کەس هێرشەکەیان ئەنجامدا. ئەو کەسەی شوفێری دەکرد راستەوخۆ تەقەی لە پاسەوانانی بەر دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد و دووەمیشیان بە تەقەکردن هەوڵیدا بچێتە ژوور، بەڵام لە پێش دەرگای سەرەکی خۆی تەقاندەوە. هێرشەکە بە گیانلەدەستدانی هەردوو هێرشکار و برینداربوونی دوو کارمەندی ئاسایش کۆتاییهات.
 
 
باری نائاسایی لە ناوچەی چانکایا
 
دەستبەجێ عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا باری نائاسایی لە ناوچەی چانکایا راگەیاند، کە پەرلەمان، زۆربەی وەزارەتەکان و بەشێک لە باڵیۆزخانەکانی وەکو باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فەرەنسای تێدایە.
 
لە یەکەم رێوشوێندا وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە هەژماری فەرمیدا پۆستێکی بۆ خەڵکی ئەنقەرە بڵاوکردەوە و هۆشداری ئەگەری بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز دا، وەک ئاماژەیەک بە ئەگەری بۆمبڕێژکردنی ئەو ئۆتۆمبێلەی هێرشکارەکان بەکاریانهێنابوو.
 
هێزێکی ئەمنی زۆر چووە شەقامەکە و رێوشوێنی ئەمنی نائاسایی و تووندوتۆڵیان گرتەبەر؛ هاوکات تیمی ئەندازەی بۆمبەکان، ئۆتۆمبێلەکەیان پشکنی و دەرکەوت بۆمبڕێژ نەکراوە. 
 
کۆبوونەوەی پەرلەمان 
 
هێرشەکە نزیکەی کاژێرێک و نیو پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان کرا کە بەرپرسە باڵاکان پەیتا پەیتا دەچوونە پەرلەمان. سەرباری هێرشەکە، کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کرا و بابەتی هێرشەکە بووە رۆژەڤی سەرەکی و هەرە گرنگی دانیشتنی یەکەمی. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە، کە دواتر زانیارییەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاستکرانەوە، دوو هێرشکارەکە رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، لە پارێزگای قەیسەری، پزیشکێکی ڤێتێرنەری دەکوژن و ئۆتۆمبیلەکەشی دەڕفێنن. هەر بەو ئۆتۆمبیلە بەرێکەوتوون بۆ ئەنقەرە. ئەو دوو کەسە بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەم گەیشتوونەتە ئەنقەرە. 
 
عەلی یەرلیکایا، دوای نزیکەی سێ کاژێر، بۆ میدیاکانی تورکیا دوا و گوتی، هەردووکیان بۆمبڕێژکراو بوون و گوتی، "ئەمڕۆ کاژێر 09:30 خولەکی سەر لەبەیانی لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، هێرشێکی تیرۆریستی ناپاکانە ئەنجامدرا. سوپاس بۆ خودا، لە سایەی وریایی و هەوڵی پۆلیسە قارەمانەکانمان، لەگەڵ دابەزینیان لە ئۆتۆمبێلەکەیان وەڵامیان درایەوە و یەکێک لە تیرۆریستەکان بۆمبەکەی بەخۆیدا تەقاندووەتەوە؛ تیرۆریستەکەی دیکەش دەرفەتی خۆتەقاندنەوەی نەبوو، گولـلە بەر سەری کەوت و کوژرا".
 
ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی نوێ دەکات 
 
کۆبوونەوەی دانیشتنی یەکەمی وەرزی دووەمی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا بە گوتاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد.
 
ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکە گوتی، "ئەو خراپەکارانەی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیانمان دەکەنە ئامانج، هەرگیز ئامانجەکەیان بەدی نایەت و ناگەنە مەبەست. کوژرانی ئەم دوو خوێنمژە، دوایین هەناسەی تیرۆرە."
 
ئەردۆغان هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش کرد و گوتی، "ستراتیژی پاراستنی سنوورەکانی باشوورمان لەڕێی پشتێنەیەکی ئەمنی کە قووڵاییەکەی لانیکەم 30 کیلۆمەترە، هەروەها چاودێریکردنی جموجووڵەکانی ئەوێ درێژەی هەیە. هەنگاوی نوێمان لەمبارەیەوە تەنیا پەیوەستە بە ئامادەکاری، کات و دۆخەوە".
 
پەکەکە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت 
 
دوای رووداوەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ن هێرشەکەیان ئەنجامداوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، "هێرشەکە وەکو ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڕێوەچوو. ئاکەپە و مەهەپە زەرەر و زیانەکانی خۆیان لە رای گشتی دەشارنەوە. کەتیبەی فیدایی نەمران دەیانتوانی بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کاتی چالاکییەکە ئەنجامی جیاوازتر بپێکین، بەڵام بە مەبەست ویستیان بەو جۆرە چالاکییەکە بکەن و پەیامێک بەو دامەزراوەیە بدەن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەیە لە رۆژئاوای کوردستان؛ هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا. ئەم چالاکییە بەتایبەتی لە رۆژی کرانەوەی پەرلەمان لەلایەن رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجام درا".
 
یەسەپە سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات: مایەی قبووڵکردن نییە
 
لە دوای دەستپێکی دانیشتنی یەکەمی وەرزی دووەمی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، فراکسیۆنی یەسەپە بە سەرجەم ئەندامەکانییەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا دەربڕی. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا چیدەم کڵچگون، هاوگوتەبێژی یەسەپە کە هاوکات هاوسەرۆکی فراکسیۆنی یەسەپەیە گوتی، "دەمەوێ رایبگەیێنم، ئەو هێرشەی بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023) روویدا، بەهەموو شێوەیەکەوە مایەی قبووڵکردن نییە. ئێمە وەک سیاسەتڤانانی رێگەی دیموکراسی، لەلای هەمووان روونە کە زەمینەسازیکردن بۆ هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەم وڵاتەدا رەت دەکەینەوە". 
 
چیدەم راشیگەیاند، "هەموو هەوڵ و تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ژێرخانێکی پتەوی ئارامی و سەقامگیری دابمەزرێت. بۆ ئەمە خەباتمان کردووە و درێژە بە خەباتمان دەدەین. پێویستە هەمان دید و بۆچوون لە پەرلەمانیشدا زەمینەسازی بۆ بڕەخسێت". 
 
تورکیا بۆردوومانی باشووری کوردستانی کرد 
 
دوای راگەیێندراوەکەی پەکەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند پێگەیەکی پەکەکەیان لە باشووری کوردستان بۆردوومان کرد. 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیدا بڵاویکردەوە، "ئەو ئۆپەراسیۆنە دژی پەکەکەیە کە لە باکووری عێراقەوە هەڕەشە لە خەڵکی تورکیا دەکات." 
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکە بۆ نەهێشتنی هێرشە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان کرا. هەروەها پشتئەستوور بە بڕگەی 51ـی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی بەرگری لە خۆکردنە لە باکووری عێراق؛ لە ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی کران". 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 20 ئامانج پێکراون؛ هەروەها باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ ژمارەیەکی دیارینەکردووە.
 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە