رووداو دیجیتاڵ
لە شوقەیەکی بچووکی گەڕەکێکی باشووری بەیرووت، ساڵح عارووری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و شەشی دیکە لە بەرپرس و ئەندامانی بزووتنەوەکە، وەک دەگوترێت "بە درۆنێكی ئیسرائیلی تیرۆرکران." ئەم رووداوە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.
تەقینەوەکە هەموو دانیشتووانی گەڕەکەکەی هێنایە دەرەوە. ئەیاد ئەبوو مووسا، شایەدحاڵی رووداوەکە دەڵێ "نزیکەی کاژێر 05:30 گوێمان لە سێ تەقینەوەی بەدوای یەکدا بوو، هەموو باڵەخانەکەی هەژاند، کە چووینە شوێنەکە تەرمی چەند کەسێكمان بینی پارچە پارچە ببوون و سووتابوون."
عارووری، لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام و بەرپرسی پڕچەککردنیان بوو؛ 18 ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل بوو، ساڵی 2010 ئازادکرا؛ ماوەیەک نیشتەجێی تورکیا بوو؛ پاشان سووریا و قەتەر و دواجار لوبنان؛ هەر لەوێش کوژرا.
عارووری لەدایکبووی گوندی عاروورەیە لە رامەڵای کەناری رۆژئاوای ژێر دەسەڵاتی فەتح و پەیوەندی باشی لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینی هەبوو. ئەو بەرپرسی حەماس بوو لەو ناوچەیە، بۆیە لەگەڵ کوژرانی، دانیشتووانی رامەڵڵا خۆپیشاندانیان کرد.
هیشام ئیبراهیم، فەلەستینیێکی رامەڵڵایە دەڵێ "وەک هەمیشە گوتوومانە، سەرکردەیەک دەڕوات، چەندین سەرکردە دێنە شوێنی؛ بۆیە ئەمە کۆتایی بەرهەڵستکاری فەلەستین نییە، بەڵکو درێژە بە شەڕی دژ بە دەسەڵاتی داگیرکاریی ئیسرائیل دەدەین."
ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ؛ هەرچەندە بەرلە هەڵگیرسانی شەڕی غەززەش، نەتانیاهوو بەڵێنی کوشتنی عارووری دابوو، چونکە بە ئەندازیاری هێرشەکانی سەر جووە نیشتەجێبووەکانی قودس-ئۆرشەلیم؛ پلانداڕێژەری سەرەکیی هێرش و جووڵەکانی قەسام و بە بازنەی پەیوەندیی نێوان حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دادەنرا، جگە لەوە یەکێک بوو لەوانەی دژی ئاگربەستی کاتی بوو، بەردەوامیش جەختی لەوە دەکردەوە رادەستکردنی بارمتەکان تەنیا بە وەستاندنی تەواوی شەڕ دەبێت.
بە کوژرانی عارووری، ئیسرائیل ئاستی ئامادەیی بەرزکردەوە. دانیەل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێ "سوپای ئیسرائیل لە ئامادەییەکی تەواودایە بۆ هەر سیناریۆیەک کە رووبدات. سەرنجی ئێمە لەسەر گۆڕەپانی شەڕە ئەگەرچی چاومان لە هەموو بەرەکانە."
حەماس دەڵێت کوژرانی عارووری شکستی ئیسرائیل لە شەڕەکە دەسەلمێنێت و، ئیرادەیان دژی ئیسرائیل بەهێزتر دەبێت و لە غەززەش دەردەکرێت.
کوژرانی عارووری، ئەگەری هەیە ئیسرائیل بباتە قۆناخێكی نوێوە کە تێیدا سەرکردەکانی حەماس دەکاتە ئامانج، لەبەرامبەردا ئاستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە، هێواش و کەمدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ