عێراقچی بۆ یەکێتیی ئەورووپا: هەر پشتگیرییەک بۆ ئەمریکا واتە هاوبەشیکردنە لە "تاوانەکان"

دوێنێ کاژێر 10:44
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی ئەورووپای بە "دووفاقی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە پەککەوتنی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەرەنجامی ئەو جەنگەیە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیانپێکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دوایین پەرەسەندنەکانی جەنگ و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی تاوتوێ کردووە.
 
عێراقچی لەم گفتوگۆیەدا رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی گرت و رایگەیاند: "هەر جۆرە پشتگیرییەک یان نەرمی نواندن بەرامبەر پێشێلکارییە یاساییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە واتای هاوبەشیکردنە لەو تاوانانەی دژی گەلی ئێران دەکرێن." جەختیشی کردەوە کە تاران بە هەموو توانایەوە بەرگری لە سەروەریی خاکی خۆی دەکات بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان و نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران پەککەوتنی گەشتی دەریایی لە تەنگەی هورمزی بە "دەرەنجامی راستەوخۆی جەنگی ئەمریکا" وەسف کرد و هۆشداریی دا لەوەی واشنتن دەیەوێت وڵاتانی دیکە رابکێشێتە نێو ململانێیە سەربازییەکان.
 
لە بەرامبەردا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی قووڵی یەکێتییەکەی بەرامبەر لێکەوتە ئەمنی و مرۆییەکانی ئەم جەنگە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی "وەستانی دەستبەجێی جەنگ" و گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی کردەوە بۆ رێگریکردن لە داڕمانی زیاتری سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ ئیسرائیل لە هەفتەی سێیەمی دایە. واشنتن رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لەنێو ئێراندا پێکاوە و 120 کەشتیی جەنگیی تارانیان نوقم کردووە. هاوکات، ئیسرائیل کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێرانی راگەیاندووە، کە بە گورزێکی کوشندە بۆ سەر سەرکردایەتیی تاران هەژمار دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو: جەنگی ئێران خێراتر لەوەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە کۆتایی دێ

بنیامین نەتەنیاهوو دەڵێ، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرەو قۆناخی کۆتایی دەچێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاران توانای ئەتۆمی و مووشەکی نەماوە و درزێکی قووڵ کەوتووەتە نێو سەرکردایەتییەکەی. نەتەنیاهوو باس لەوە دەکات کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، نەخشەی داهاتووی ناوچەکە دادەڕێژن.