رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، رەنگە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا تەنیا جێبهێڵێت تاوەکو خۆیان ئاسایشی تەنگەی هورمز بپارێزن، چونکە ئامادە نین لەو رێڕەوە گرنگەدا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دژی ئێران بجەنگن.
ئەمریکا پێویستی بە تەنگەکە نییە
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستی بەو تەنگەیە نییە -کە شاخوێنی گواستنەوەی نەوتی جیهانە- و گوتی: "با ئەو وڵاتانەی بەکاری دەهێنن" خۆیان چارەسەرێک بدۆزنەوە.
هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا و ئاسیا، داواکارییەکانی ترەمپیان بۆ ناردنی کەشتی و کەرەستەی سەربازیی دیکە بۆ پاککردنەوەی تەنگەکە رەتکردووەتەوە. ئێران وەک وەڵامێک بۆ جەنگی سێ هەفتەییی ئەمریکا و ئیسرائیل، هاتووچۆی لەو رێڕەوەدا پەکخستووە.
هەڵوێستەکانی ترەمپ
سەرۆکی ئەمریکا لەم چەند رۆژەدا زنجیرەیەک لێدوانی دژبەیەکی لەسەر تەنگەی هورمز داوە؛ جارێک دەڵێت دەبێت هاوپەیمانەکان هاوکاریی ئەمریکا بکەن و رۆژی سێشەممەش گوتی: "پێویستمان بە هیچ هاوکارییەک نییە." دوایین پەیامیشی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە واشنتن بە تەواوی دەست لە پاراستنی ئەو ناوچەیە هەڵبگرێ و لێکەوتەکانی بۆ وڵاتانی دیکە جێبهێڵێت.
ترەمپ نووسیویەتی: "دەپرسم چی روودەدات ئەگەر ئەوەی لە 'دەوڵەتی تیرۆریستیی ئێران' ماوەتەوە کۆتایی پێ بهێنین و ئەو وڵاتانەی تەنگەکە بەکاردەهێنن -نەک ئێمە- بەرپرسیارێتیی ئەو شوێنەی پێی دەگوترێت 'تەنگە' هەڵبگرن؟ ئەوە هەندێک لە هاوپەیمانە بێدەنگەکانمان دەخاتە جووڵە، ئەویش بە خێرایی!!!"
ئێران و کارتی هورمز
تاران هەوڵ دەدات کۆنترۆڵکردنی ئەم رێڕەوە وەک کارتی گوشار دژی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاربهێنێت، کە تاوەکو ئێستا هەزاران ئامانجیان لەنێو ئێران پێکاوە، هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە و سەرکردە باڵاکانیشیان کوشتوون.
هەرچەندە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام هەڕەشەکە بەس بووە بۆ پەکخستنی هاتووچۆی دەریایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە سەرانسەری جیهان.
سوپای ئەمریکا درەنگانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بۆمبی قورسی دژە حەشارگەی بۆ لێدانی پێگە مووشەکییەکانی ئێران لە کەناراوەکانی نزیک تەنگەی هورمز بەکارهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ