رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەحرێن رۆژی شەممە (04-04-2026) رایانگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی ئێران کە لە ئاسماندا تێکشکێندراون، چوار کەس بریندار بوون. هاوکات لە دووبەی پاشماوەی درۆنەکان بەر دوو باڵەخانە کەوتن.
برینداربوونی هاووڵاتییان لە بەحرێن
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی ئێران، چوار هاووڵاتی بە سووکی برینداربوون و چەند خانوویەکیش لە ناوچەی سترە بەهۆی پاشماوەی ئەو درۆنانەی تێکشکێندراون، زیانیان بەرکەوتووە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئەمبوڵانس لە شوێنی رووداوەکەدان.
بەئامانجگرتنی باڵەخانەی کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە دووبەی
لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی راگەیاندنی دووبەی رایگەیاند، تیمەکانی مامەڵە لەگەڵ رووداوێکی بچووک دەکەن کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنێکی تێکشکێندراو بە سەر باڵەخانەی کۆمپانیای "ئۆراکڵ - Oracle"ی ئەمریکی لە دووبەی دروستبووە.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە پاشماوەی درۆنێکی دیکە بە باڵەخانەیەک لە ناوچەی "دووبەی مارینا" کەوتووە، بەڵام لە هیچ کام لەو رووداوانەدا لە نێو خاکی ئیمارات، هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کرد، کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
تاران لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ی شوباتی رابردووەوە، بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو و ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ