کەشتییەکی فەرەنسا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشتییەکی بارهەڵگری گەورەی فەرەنسا وەک یەکەم کەشتیی ئەورووپی دوای زیاتر لە مانگێک لە گەمارۆی دەریایی، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی. 
 
بەگوێرەی داتا دەریاییەکان، رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2026، کەشتیی بارهەڵگری (کریب) کە ئاڵای ماڵتای هەڵکردبوو و سەر بە گرووپی گواستنەوەی دەریایی (CMA CGM)ـی فەرەنسییە، تەنگەی هورمزی تێپەڕاند.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە کەشتییەکی گەورەی کۆمپانیا دەریاییەکانی ئەورووپا لە تەنگەی هورمز تێدەپەڕێ.
 
کەشتییەکە رۆژی هەینی گەیشتە نزیک مەسقەتی پایتەختی عومان. بۆ ئەوەی لە هێرش پارێزراو بێت، لەسەر ئەو ئامێرەی کە شوێنی گەشتەکەی لەسەر دەنووسرێ، لەبری ئەوەی بنووسێت بۆ کوێ دەچێت، نووسراوە (خاوەنەکەی فەرەنسا)یە.
 
داتا دەریاییەکان دەریدەخەن کە کەشتییە فەرەنسییەکە رێڕەوێکی نوێی بەکارهێناوە کە لەلایەن ئێرانەوە پەسندکراوە. 
 
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوبات، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، تاران وەک کاردانەوە هاتووچۆی لە تەنگەی هورمزدا سنووردار کرد.
 
تەنگەی هورمز یەکێکە لە هەستیارترین خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان و لە کاتی ئاساییدا نزیکەی 20٪ی نەوتی خاو و گازی سرووشتیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ. لە دوای دەستپێکی جەنگەوە، زۆربەی ئەو کەشتییانەی تێپەڕیون یان پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبووە یان سەر بە وڵاتانی وەک چین و هیندستان بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە