رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە چەند کاژێری رابردوودا بەرپەرچی هێرشێکی چڕی ئێرانیان داوەتەوە و دەیان مووشەک و درۆنیان تێکشکاندووە؛ ئاشکراشی کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا 12 کەس کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا، کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 03-04-2026، هێزەکانیان توانیویانە 18 مووشەکی بالیستی، 4 مووشەکی کرووز و 47 درۆن، کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، تێکبشکێنن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات تائێستا 475 مووشەکی بالیستی، 23 مووشەکی کرووز و دوو هەزار و 85 درۆنی تێکشکاندووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات وردەکاریی زیانە گیانییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 2 کارمەندی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا، یەک هاووڵاتیی مەغریبی کە وەک گرێبەست لەگەڵ هێزە چەکدارەکان کاری کردووە، هەروەها 9 هاووڵاتیی مەدەنی کە خەڵکی وڵاتانی (پاکستان، نیپاڵ، بەنگلادیش، فەلەستین و هیندستان)ـن.
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، 203 کەسی دیکە بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختە؛ بریندارەکان خەڵکی 29 وڵاتی جیاوازن، لەنێویاندا هاووڵاتییانی (ئیمارات، میسر، عێراق، لوبنان، سوید و تونس) هەن.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاندووە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک و پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان، راشیگەیاند کە بە تووندی وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەنەوە کە بیەوێت سەقامگیریی ئیمارات تێک بدات.
هەر ئەمڕۆ هەینی ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەرەبایەنی ئەمڕۆ هەینی 03-04-2026، لە شەپۆلی 90ـی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 4)ـدا هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر چەند بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل.
ئیبراهیم زولفەقاری ئەوەشی خستووەتەڕوو، پیشەسازییەکانی پۆڵا، ستیڵ و ئەلەمنیۆمی ئەمریکا جێگیر لە ئیمارات و بەحرێن کراونەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ