رووداو دیجیتاڵ
مێژووناسێکی جەزائیری رۆژی شەممە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، دوای ئەوەی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئەمازیغەکان لە بنەڕەتدا عەرەبن و جیاکردنەوەی ناسنامەیان وەک نەتەوەیەکی دیکە، "پڕۆژەیەکی زایۆنی و فەرەنسییە."
محەممەد ئەمین بلغەیس بە تۆمەتی "هێرشکردنە سەر هێماکانی ئومەت" و "بنەماکانی"، خرایە زیندانی کاتییەوە.
داوکاری گشتیی جەزائیر لە دادگەی کازابلانکا رایگەیاند، مێژوونووسەکە دەستگیرکراوە، بە "تاوانی بە ئامانجکردنی یەکێتیی نیشتمانی لە رێی کارێکەوە کە ئامانج لێی هێرشکردنە سەر هێماکانی ئومەت و کۆمارە، بۆ ئەوەی زیان بە سەلامەتیی یەکگرتوویی وڵات بگەیێنێت و گوتاری رق و کینە و جیاکاری بڵاوبکاتەوە."
مێژووناسەکە کە مامۆستای زانکۆ و شارەزای کاروباری وڵاتانی رۆژئاوای عەرەبییە، ناوبەناو بە قسەکانی لەسەر کولتووری ئەمازیغەکان و ناسنامەی جەزائیری، مشتومڕ دەنێتەوە.
دەستگیرکردنی بلغەیس دوای ئەوە هات کە ڤیدیۆی هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی سکای نیووزی عەرەبی بە بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کە تێیدا دەڵێت: "ئەمازیغیزم پڕۆژەیەکی زایۆنیی فەرەنسییە."
ساڵی 2016 جەزائیر وەک زمانێکی فەرمی دانی بە زمانی ئەمازیغیدا نا. هەروەها ساڵی 2017 سەری ساڵی ئەمازیغەکان کرایە جەژنێکی نیشتمانی.
بلغەیس گوتی: "شتێک نییە بە ناوی کولتووری ئەمازیغی."
ئەو قسانە لە نێو جەزائیر ناڕەزایی تووندیان لێکەوتەوە. تەلەڤزیۆنی فەرمیی جەزائیر لەسەر ئەو هەڤپەیڤینەی کەناڵە ئیماراتییەکە، لە راپۆرتێکدا هێرشی تووندی کردە سەر ئیمارات و تۆمەتباری کرد بەوەی کە بووەتە "شوێنی دروستکردنی ئاشووب و بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای ژەهراوی."
کەناڵە جەزائیرییەکە هەڤپەیڤینەکەی سکای نیووزی عەرەبیی بە "هەڵچوونێکی میدیایی مەترسیدار" لەلایەن ئیماراتەوە ناوبرد کە "هەموو هێڵێکی سوور دەبەزێنێت."
هەروەها کۆمسیۆنی پاراستنی ئەمازیغەکان کە سەر بە سەرۆکایەتیی جەزائیرە، رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە کاتێکدا جەزائیر رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئاڵۆزی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە، هێشتا هەندێ لایەنی ناحەز، بە گوتاری کینەدار و لێدان لە پێکهاتەی ئەمازیغی کە ستوونێکی سەرەکیی ناسنامە رەسەنەکەیەتی، هەوڵی بێهوودەی تێکدانی تەونە نیشتمانییە پتەوەکەی دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ