رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە لەبارەی رووداوێکی "گوماناوی" لە دووریی 26 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای (مینا سەقر) لە ئیمارات. بەپێی زانیارییەکانی ئەو دەستەیە، کەشتییەک لەو ناوچەیەدا ئاگری تێبەربووە و داوا لە کەشتییەکانی دەوروبەری کراوە مەودای سەلامەتی بپارێزن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، دەسەڵاتدارانی ئیمارات رایانگەیاند، هێرشێکی درۆنی بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دامەزراوەیەکی وزە لە بەندەری میرنشینی (فوجەیرە). نووسینگەی میدیایی فوجەیرە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تیمەکانی بەرگریی شارستانیی فوجەیرە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە."
شاری فوجەیرە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی پێترۆڵە، چونکە بەندەر و بۆرییە نەوتییەکانی تێدایە کە بۆ دەربازبوون لە تەنگەی هورمزی گەمارۆدراو بەکاردێن.
تاران تێپەڕبوونی کەشتییەکان رەتدەکاتەوە
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا دەکەن. ئەمەش دوای ئەوە هات، سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو دوو کەشتیی بازرگانی بە ئاڵای ئەمریکاوە لەو رێڕۆیە تێپەڕیون. سوپای پاسداران لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "لە چەند کاژێری رابردوودا هیچ کەشتییەکی بازرگانی یان نەوتهەڵگر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ نەبووە و بانگەشەی بەرپرسانی ئەمریکی بێ بنەما و درۆن."
هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، بە مووشەک کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکایان لە تەنگەی هورمز ئاگادار کردووەتەوە. ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی بە ناوی (پڕۆژەی ئازادی) راگەیاند بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەشتییە بێلایەنانەی لە کەنداو گیریان خواردووە و پێداویستییەکانیان خەریکە تەواو دەبێت.
ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "بۆ بەرژەوەندیی ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو وڵاتانەمان گوتووە کە بە سەلامەتی کەشتییەکانیان لەو رێڕۆ ئاوییە سنووردارکراوانە دەهێنینە دەرەوە." فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتییە تێکشکێنەرەکانیان لە ناو کەنداودا کاردەکەن، تاران لە بەرامبەردا دەڵێ ئەگەر کەشتییە ئەمریکییەکان رێسا دەریاییەکان پێشێل بکەن، بە مووشەکی کرووز و درۆن هێرشیان دەکەنە سەر.
لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم ململانێیە بەردەوامن؛ نرخی نەوت نزیکەی 50٪ لە سەرووی ئاستی پێش جەنگەوەیە. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەشێکە لە "ئابڵۆقەیەکی راستەقینەی ئابووری" کە وای کردووە رژێمی تاران نەتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی دەریایی (AXSMarine)، تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان زیاتر لە 900 کەشتیی بازرگانی لە کەنداودا گیریان خواردووە. تاران داوای باجی تێپەڕین لە کەشتییەکان دەکات بۆ دابینکردنی خەرجییە سەربازییەکانی، ئەمریکاش ئەمە بە "چەتەی دەریایی" دەزانێت و هۆشداری داوە هەر لایەنێک دەستوەردان لە پڕۆسەی هێنانە دەرەوەی کەشتییەکان بکات، "بە هێز" وەڵامی دەدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ