رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا 48 کەشتییان ناچار بە گەڕانەوە کردووە، ئەمەش لەپێناو دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026 ، لە راگەیێندراوێکدا سێنتکۆم ئەوەی ئاشکراکردووە : "لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، رێڕەوی 48 کەشتی گۆڕدراوە بۆ ئەوەی دڵنیابین لە پابەندبوونیان بە گەمارۆکە."
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکە، سێنتکۆم وێنەیەکی کەشتیی جەنگیی یوو ئێس ئێس نیو ئۆرلینزیشی بڵاوکردووەتەوە کە لە دەریای عەرەبدا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە هەڵمەتێک کردووە کە بەرپرسان بە "تووڕەیی ئابووری" ناوی دەبەن. ئەم هەڵمەتە پێکهاتووە لە سەپاندنی سزا، گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە.
ئامانج لەم پلانەی ئەمریکا پەکخستنی بازرگانیی نەوت و کاڵای ئێرانە، هەروەها بەئامانجگرتنی ئەو "کەشتیگەلە سێبەرە"یە کە ئێران بۆ هەناردەکردنی سەرچاوەکانی پشتی پێ دەبەستێت.
جێبەجێکردنی ئەو پلانەش دوای ئەوە دێت کە خولێکی دانوستاندن لەنێوان واشنتن و تاران لە پاکستان بێ رێککەوتن کۆتایی هات. شەڕەکە لە 28ـی شوباتی رابردوو لەلایەن واشنتن و بە بەشداریی ئیسرائیل لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ