رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی چوار مووشەکی "کروز" کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، تێکبشکێنێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، هێزەکانیان "بە سەرکەوتوویی" مامەڵەیان لەگەڵ سێ لەو مووشەکانە کردووە و لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکاندا تێکیان شکاندوون، مووشەکی چوارەمیش "لەنێو دەریا کەوتووەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی."
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێت، ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا بیستراون، "دەرەنجامی تێکشکاندنی سەرکەوتووانەی ئەو هەڕەشە ئاسمانییانە" بووە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە، دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە بارودۆخەکە "لەژێر کۆنتڕۆڵدایە."
ئەو وەزارەتەی ئیمارات داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، پابەندبن بە رێکارەکانی سەلامەتیی گشتی لە کاتی وەرگرتنی هەر نامەیەکی هۆشداری یان بوونی بارودۆخی نائاسایی.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد. لە 8ی نیسانەوە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیێندرا کە دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درێژی کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی هەمیشەیی واژۆ نەکراوە.
ئەمە یەکەمجارە لەدوای ئاگربەستەوە هێرشی لەوجۆرە بکرێتە سەر وڵاتانی کەنداو. تاوەکو ئێستاش ئێران بەفەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو هێرشە مووشەکییە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ