رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گەیشتنی یەکەم شاندی حاجییانی ئیدۆنیزیا بۆ مەدینە. وێنە: ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودیە
رووداو دیجیتاڵ
پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکەم کاروانی حاجییان لە دەرەوەی سعودیەوە گەیشتنە شاری مەدینە کە لە ئیدۆنیزیاوە چووبوونە وڵاتەکە.
رۆژی شەممە 4-6-2022، ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودیە باسی لەوە کرد، یەکەم کاروانی حاجییان لە ئیدۆنیزیاوە گەیشتوونەتە مەدینە کە ژمارەیان لە 358 حاجی پێکهاتوون.
کاتێک زیارەتکاران گەیشتنە فڕۆکەخانەی ئەمیر محەممەد بن عەبدولعەزیز بە گوڵ، خورما و ئاوی زەم زەم پێشوازییان لێکرا. 

رۆژی 9-4-2022، لە راگەێیندراوێکیدا وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی رێگەیان پێدەدرێت ئەمساڵ حەج بکەن بۆ ملیۆنێک کەس بەرزکراوەتەوە، بە دانیشتووانی سعودیەشەوە.
محەممەد بیجاوی، بریکاری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە باسی لەوە کرد، "خۆشحاڵین و ئامادەکاریی تەواومان کردووە کە پاش دوو ساڵ دابڕان ئەمڕۆ پێشوازیی لە حاجییان بکەین."
مەرجە ئەو کەسانەی کە بەشداریی حەجی ئەمساڵ دەکەن، تەمەنیان لە 65 ساڵ کەمتر بێت، بە یەکێک لە ڤاکسینە پەسندکراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی سعودیە خۆی کوتابێت. هەروەها دەبێت زیارەتکاران پشکنینی نێگەتیڤی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکێش بکەن کە لە 72 کاژێر پێش چوونیان بۆ سعودیە ئەنجام درابێت. 

ساڵی 2019، سعودیە رێگەیدا دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس حەج بکەن، ئەو ژمارەیە خەڵکی وڵاتانی دیکە و سعودیەش بوون.
لە 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنیا رێگە بە هەزار کەس درا، هەمووشیان دانیشتوانی سعودیە بوون.
لە 2021دا ئەو ژمارەیە بۆ 60 هەزار کەس لە دەرەوە و ناوەوەی سعودیە بەرزکرایەوە کە دەبوایە هەموویان هەردوو قورچکە ڤاکسینیان وەرگرتبا و لە رێگەی تیروپشکەوە دەستنیشانکران.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ