ئیمارات گەشتەکانی بۆ ئێران دەستپێکردنەوە

04-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ ئێران تەواوی ئاسمان و فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، ئەمڕۆش ئیمارات دەستی بە گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە کردەوە.
 
رۆژی هەینی 4ی تەممووزی 2025 گوتەبێژێکی فلای دوبەیی ئیمارات بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە "گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی بەندەر عەباس، مەشهەد و تاران دەستپێدەکەنەوە." دەشڵێت، "بەردەوامین لە چاودێریکردنی دۆخەکە و گۆڕینی خشتەی گەشتەکان ئەگەر پێویست بوو. هەروەها، ئەگەر پێویستیش بوو ژمارەی بلیتەکان زیاد دەکەین."
 
دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئیمارات بۆ ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتر ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامی دایەوە. بەهۆی جەنگەکەوە گەشتە ئاسمانییەکانی ئیمارات بۆ ئێران وەستان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ی تەممووزی 2025، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی وڵاتەوە، جگە لە ئیسفەهان و تەورێز، رۆژانە لە کاژێر 05:00ی بەیانییەوە بۆ 06:00ی ئێوارە دەکرێن."
 
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران راشیگەیاند، گەشتەکانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەش دوای تەواوبوونی رێکارەکان دەستپێدەکەنەوە، کە لە کاتی جەنگەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرابوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە